سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ بەیانی یەکشەممە دیاریکراوە و دواتر "دەستبەجێ" تەنگەی هورمز دەکرێتەوە.

ترامپ هەڕەشەی گەڕانەوەی بۆ کردەی سەربازی کرد لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنەکە بڕیارە سبەی واژۆ بکرێت، وە دەستبەجێ دوای واژۆکردنیشی، گەرووی هورمز بۆ هەمووان کراوە دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران ئێستا "زۆر باشترە" لە کاتی ئیدارەکانی پێشوو و ڕێککەوتنەکەی بە "دیوارێک" دژی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن تارانەوە ناو برد.

سەرۆک ترامپ گوتی، "لە ڕاستیدا ئەوان هیچی تر چەکی ناوەکییان ناوێت، ناشیان بێت، چ لە ڕێگەی کڕین یان دروستکردن یان هەر ڕێگەیەکی تر."

ترامپ گوتیشی، "لە کاتی گونجاودا، کاتێک هەموو شتێک ئارام دەبێتەوە، دەچینە ناو ئێران و تۆزی ئەتۆمی وەردەگرین، کە بە قووڵی لە ژێر شاخە گڕانیتە تەپیوە سەختەکاندا نێژراوە، بەهۆی فڕۆکە جوانە بۆمبییەکانی بی-2 و فڕۆکەوانە بەتواناکانمان."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە "ناچالاک دەکەین و لەناوی دەبەین، جا چ لە ئێران بێت، یان لە ئەمەریکا."

ترامپ سەرەڕای جەختکردنەوەی لەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادرێت بە ئێران، ڕایگەیاند، "ئێمە تامەزرۆی کارکردنین لەگەڵ ئێران و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوودا."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، "بەهیوای ئەوەی ئەم پرۆسەیە هەمووی بە خێرایی و بە ئاسانی و بە بێ کێشە بەڕێوە بچێت. ئەگەر نا، ئێمە دوایین بەدیلمان هەیە، کە هیوادارین هەرگیز جارێکی تر بەکارنەهێنرێتەوە!"

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هەیە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەواو ببێت و دواتر بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ بکرێت.

بەڵام دوای پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان و پێش پەیامەکەی ترامپ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی لە داهاتووێکی نزیکدا ڕەت نەکردەوە بەڵام ڕایگەیاند لە 24 کاتژمێری داهاتوودا واژۆ ناکرێت.

نزیکبوونەوەی ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە چەندین لایەنەوە پێشوازی لێکرا.

حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سەرۆکوەزیران کیر ستارمەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک ترامپ، پشتگیریی خۆی لە هەوڵەکانی ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململا‌نێی لەگەڵ ئێران دەربڕیوە. ستارمەر دووپاتی کردووەتەوە کە بەریتانیا ئامادەیە هاوکاری جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی بکات.

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت هەردوو ڕابەرەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هومز جێگیر ببێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکان کە لە ئاستی جیهاندا هەست پێ دەکرێن کەم بکرێنەوە.