بەغدا - INA

ئەمڕۆ هەینی، عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پانۆرامای سپایكەر، كە لەلایەن هونەرمەندێكی بەناوبانگی عێراقییەوە دروستكراوە، كردەوە، ئاماژەی بەوەدا كە هێزەكانی تاریكی، لە ڕێگەی ئەم تاوانەوە، هەوڵیان دەدا خودی چەمكی دەوڵەت لەناو ببەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ڕایگەیاندووە : ئەمڕۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پانۆرامای سپایكەری كردەوە، كە لەلایەن هونەرمەندی ناسراوی عێراقی جیهانی حەنوش حەنوشەوە دروستكراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەكە زەیدی جەختی لەوە كردووەتەوە : كە برینێكی قووڵ لە دڵی میللەتدا بە ناوی (سپایكەر) وەبیر دێنینەوە، ئەم تاوانە كە ڕووداوێكی دڵتەزێنە لە مێژووی عێراقی هاوچەرخدا، ئاشكرای كردووە كە تیرۆر بە تەنیا لە ڕێگەی چەكەوە ناچێتە ژوورەوە، بەڵكو لە ڕێگەی لاوازییەكانی گەندەڵی و لاوازی دامەزراوەكان و نەبوونی وریایی و كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیشدا، ڕوونیشی كردەوە كە هێزەكانی تاریكی، بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، هەوڵیان دا خودی بیرۆكەی دەوڵەت بكوژن و متمانەی هاووڵاتی بە نیشتمانیان بشكێنن و ئازار بگۆڕن بۆ ململانێ و خوێنڕشتن بۆ دووبەرەكی، جەختیشی كردەوە كە ئەوان شكستیان هێنا، چونكە خوێنی شەهیدان لە ڕق و كینە بەرزتر بوو و لە پیلانەكانی تیرۆر پاكتر بوو.

سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە : كە دڵسۆزی ڕاستەقینە بۆ شەهیدان بە بنیاتنانی دەوڵەتێكی دادپەروەر و بەهێز بەدەست دێت كە پارێزگاری لە هاووڵاتیانی بكات و خوێنیان بپارێزێت، دووپاتیشی كردەوە كە عێراق بە یەكڕیزی گەلەكەی و سەروەری دەوڵەتەكەی و ورەی ڕۆڵەكانی، لە برینەكانی بەهێزتر دەمێنێتەوە و لە هەموو پیلانگێڕییەكان گەورەتر دەمێنێتەوە.