سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پرسەدا تەواو هاوڕان.

بنیامین نەتانیاهو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "هەتا من سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بم، ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت. ڕێککەوتنی تەواو لە نێوان من و سەرۆک ترامپ هەیە لەسەر ئەم بابەتە."

نەتانیاهو هەروەها باسی لەوە کرد بۆ ماوەی 30 ساڵە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵمەتی دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە.

سەرکردەی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، "ئەگەر ئەم هەڵمەتە نەبوایە، ئێران زۆر دەمێک بوو بۆمبی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بەدەست دەهێنا."

ئەو وتانەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە مەرجەکانی کۆتایی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پەسەند کراون و شیانی هەیە "بەم زووانە" ڕێککەوتنەکە لە وڵاتێکی ئەوروپا واژۆ بکرێت.