بەغداد – INA – لەمیا ڕەسول
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانی بۆ دۆزینەوەی کچە منداڵێکی پارێزگای کەربەلای پیرۆز ڕاگەیاند، کە بۆ ڕۆژی سێیەمە لەسەریەک ئاوی ڕووباری زەڵم بردوویەتی.
زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوای تەرمی کچە منداڵەکەدا بۆ ڕۆژی سێیەمە بەردەوامە، کە تێیدا تیمێکی مەلەوانان و پێنج تیمی دیکە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی".
وتیشی: "تیمەکانی ڕزگارکردن کامێرای تایبەتیان لە کاتی گەڕانەکاندا بەکارهێناوە، بەڵام خێرایی ڕۆیشتنی ئاوەکە و بوونی چەندین ئەشکەوت و کون و کەلەبەر لە ناوچەکەدا، بوونەتە تەحەدایەکی گەورە"، ڕوونیشیکردەوە: "مەزندە دەکرێت تەرمەکە لە یەکێک لەو شوێنانە گیرسابێتەوە، بۆیە تا ئێستا نەمانتوانیوە بیدۆزینەوە، بەڵام گەڕانەکانمان چڕتر کردووەتەوە و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان تا دۆزینەوەی".
ئاماژەی بەوەشکرد: "چەندین ئاستەنگی دیکە هەن کە ڕووبەڕووی تیمەکانی ڕزگارکردن دەبنەوە"، وتیشی: "هەندێک دار کەوتوونەتە ناو ڕێڕەوی ئاوەکەوە، تیمەکانیش کار لەسەر لادان و بڕینەوەیان دەکەن بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گەڕانەکە و بەدیارکەوتنی تەرمەکە لە حاڵەتێکدا ئەگەر لەوێدا گیرسابێتەوە".
ڕوونیشیکردەوە: "ئاوی ڕووباری زەڵم لێشاوی خێرایە، هەروەها ئاستی ئاوەکەش بۆ ئەمساڵ بەرزە، ئەمەش بەهۆی زۆری ئەو ئاوەی کە لە ناوچەی گەشتیاری ئەحمەد ئاواوە هەڵدەقوڵێت".
لە کۆتاییدا وتی: "هاوینەهواری ئەحمەد ئاوا بۆ ئەمڕۆش بە داخرانی دەمێنێتەوە، وە تا ئێستاش نازانین ئایا سبەینێش داخرانەکە بەردەوام دەبێت یاخود نا".
