بەغداد - INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێنمایی دا بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان و ئاسانکاریکردن لە ڕێکارەکانی دابینکردنی سووتەمەنیدا؛ بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارەکانیان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسي هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ پێشوازی لە شاندی سەندیکای خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا".

ئەوەشی خستەڕوو: "زەیدی لە میانی دیدارەکەدا، گوێبیستی ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەل بوو کە لەلایەن شاندەکەوە پێشکەش کرا سەبارەت بە میکانیزمەکانی کاری مۆلیدە ئەهلییەکان، کاتەکانی کارپێکردن، و نرخە پەسەندکراوەکان، وێڕای تاوتوێکردنی بابەتی دابینکردنی بەشە سووتەمەنی پێویست بۆ مۆلیدەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کارەکانیان".

سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر "گرنگی ئەو ڕۆڵە کردەوە کە مۆلیدە ئەهلییەکان دەیگێڕن لە پاڵپشتیکردنی گشتی کارەبا و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی لە کاتی لوتکەی بەکاربردن و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمیدا".

هەر بەپێی بەیاننامەکە، زەیدی ڕێنمایی داوە بە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، و ئاسانکردنی ئەو ڕێکارانەی پەیوەستن بە دابینکردنی سووتەمەنییەوە، بە شێوازێک کە جێگیربوونی کاتەکانی کارپێکردن و بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکە بە هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا".