سلێمانی – INA
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و ڕزگارکردنی تۆمارکراوی لە سنووری پارێزگاکە لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا ڕاگەیاند، و جەختیكردەوە: كە زیانە مرۆییەکان گەیشتوونەتە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ٣٨ کەس، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا: کە شۆرتی کارەبا و دزەکردنی غاز لە پێشەنگی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانەدا بوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئامارێکی فەرمیدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا وەڵامی ١٤٧ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیان داوەتەوە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ هاوڵاتی و برینداربوونی ٣٥ کەسی دیکە و ئاستی برینەكانیشیان جیاوازە"، ڕوونیشیکردەوە: "زیانە مادییەکانی لەم ئاگرکەوتنەوانە بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دینار خەمڵێندراون".
ئامارەکە ئاشكراشیكرد: کە "ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوەکان دابەشبوون بەسەر: ٢٣ ئاگرکەوتنەوە لە خانوو و شوێنی نیشتەجێبووندا، ٢١ ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلدا، ٩ ئاگرکەوتنەوە لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکاندا، و ٢ ئاگرکەوتنەوەی ماتۆڕسکیل، وێڕای تۆمارکردنی ٩٢ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پوشوپەڵاش و پاوانە سروشتییەکاندا کە تیمەکانی کوژاندنەوە سەرکەوتوو بوون لە کۆنترۆڵکردنیان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ڕووبەرەکەیان".
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاناوەچووندا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: کە "تیمەکانی ڕزگارکردن و مەلەوانان لە ماوەی پێوانەییدا وەڵامی ٧٠ ڕووداوی جۆراوجۆری ڕزگارکردن و بە هاناوەچوونیان داوەتەوە"، و ڕوونیکردەوە: "ئەرکە مەیدانییەکان بریتی بوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ٥ ڕووداوی هاتوچۆ (وەرگەڕان و پێكدادانی ئۆتۆمبێل)، ٣ حاڵەتی خنکان و ڕزگارکردن لە ئاوەکاندا، ئەوە وێڕای ٤ ئۆپەراسیۆن بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی کە گیریانخواردبوو یان لە شوێنی بەرزەوە کەوتبوونە خوارەوە".
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەردەوامییدا دەڵێت: "لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان دەریانخستووە کە شۆرتی کارەبا و دزەکردنی غاز هۆکاری سەرەکی بوون لە پشت زیاتر لە نیوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوەکاندا"، و جارێکی دیکە داواکاری خۆی بۆ هاوڵاتیان نوێ کردەوە بۆ "پێویستی پابەندبوونی تەواو بە ڕێکارەکانی سەلامەتی و خۆپارێزی و مەرجەکانی بەرگری شارستانی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە و پاراستنی گیان و ماڵ و سامان".


