ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا لە دانوستاندان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن و کۆماری ئیسلامی بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێت بۆ ئازادکردنی سەروەت و سامانە بەستووەکەی.
سێ سەرچاوەی ئێرانی و بەرپرسێکی ئەورووپایی کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی پێنجشەممە بەو ئاژانسەیان ڕاگەیاندووە سەرەڕای هێرشەکانی هەردوولا، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی لە نیوان کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا چڕتر بووەتەوە.
ئەو سەرچاوانە بە ڕۆیتەرزیان وتووە کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا لەئێستادا لەسەر وردەکارییەکانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن.
سەرچاوە ئێرانییەکان باسیان لەوە کردووە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هێشتا پێویستە بە وردی کار لەسەر هەندێک بابەت بکرێت، لەوانە میکانیزمێک بۆ ئازادکردنی دەیان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران کە لە بانکە بیانییەکان بەستراوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت 6 تا 12 ملیار دۆلار لە سامانی بەستووی ئازاد بکات، لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت قۆناغ بە قۆناغ ئەم سەرچاوانە بۆ کڕینی کەلوپەلی مرۆیی ئازاد بکرێت و ڕادەستکردنی تەواوی پارەکە ڕەتدەکاتەوە.
سەرچاوە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، بەدوای ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەدا نییە، بەڵکوو بەدوای گەیشتن بە چوارچێوەیەکدایە کە بتوانێت لە ڕێگەیەوە سەروەت و سامانی بەستووی ئازاد بکات و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.


