لیۆنێڵ میسی کاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیدا لە بەرامبەر جەزائیر ئامادە دەبێت.
میسی لە 24ی مانگی پينج تووشی پێکان هاتبوو لە بەستەرەکانی لای چەپی ڕانی. بەڵام دکتۆرەکان ڕایانگەیاند کە دەتوانێت لە 16ی مانگی شەشدا بۆ یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەی لە بەرامبەر جەزائیر و لە شاری کانساس لە ئەمەریکا ئامادە بێت.
لە ڕۆژی 7ی مانگی شەش هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ڕاهێنانەکانی خۆی لە کۆلێج ستەیشن لە تەکساس ئەنجام دا و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییە دۆستانەکەی لەگەڵ ئایسلاند تەواو کردووە.
ئەرجەنتین لە یارییەکی دۆستانەدا و لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکانی جامی جیهانی لە ڕۆژی 9ی مانگی شەش لە بەرامبەر ئایسلاند لە ئاوبۆرنی ئەلاباما یاریی دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی لە یارییە دۆستانەکەی پێشوویاندا 2-0 سەرکەوتنیان بەسەر هیندۆراسدا بەدەست هێنابوو.
چاوەکان لەسەر ئەرجەنتینن و هاندەرانی ئەم هەڵبژاردەیە هیواخوازن کە بۆ دووەم جاری لە دوای یەک هەڵبژاردەی تانگۆ بتوانێت جامەکە بەرز بکاتەوە. ئەمەش لە ساڵی 1962ەوە کە هەڵبژاردەی بەرازیل توانی جامەکە لای خۆی بهێڵێتەوە، ڕووی نەداوە.


