دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، ماڵپەری ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرۆک ترامپ داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە لە ئێستادا وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەداتەوە و " تۆڵە نەکاتەوە."
باراک ڕاڤید پەیامنێری ئەکسیۆس لە هەژمارەی تایبەتی ئێکسدا لە زاری سەرۆک ترامپەوە نووسیویەتی: هێرشەکانی [حکومەتی ئێران] هیچ کەسێکی تێدا نەکوژراوە و "هیوادارم ئیسرائیل تۆڵەی نەکاتەوە. ئەگەر بیبی تۆڵەی ئەوان [کۆماری ئیسلامی] بکاتەوە، [دوژمنایەتییەکان] وەک چۆن لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوو یان سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دەبن."
پەیامنێری ئەکسیۆس هەروەها نووسیویەتی: دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندووە کە زۆر نزیکە لە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی ئێران "گرێبەستێکی باش دەبێت. من نامەوێت بەهۆی ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تێکبچێت."
تێری ینگسێت، پەیامنێری فۆکس نیوز پێشتر ڕایگەیاندبوو کە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و بەڕێز ترامپ پێی وتووە "ئەوەی من پێشنیاری دەکەم بۆ [کۆماری ئیسلامی] ئێران ئەوەیە کە مووشەکەکانتان تەقاندووە، ئەوە بەسە، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و ڕێککەوتنێک بکەن."
میدیاکانی ئیسرائیل لە هەمان کاتدا کە کۆماری ئیسلامی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل دەستپێکرد، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ئێڕان چەند شەپۆلێکی هێرشی مووشەکیی کردە سەر شارەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە 11مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەموو ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە هەڵدراون ڕێگرییان لێکراوە.
هێرشە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە هێرشی کردە سەر پێگەکانی حزبوڵای لوبنان لە ناوچەیەکی بەیروت.



