ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وەڵامی قسەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەژماری خۆی لە ئێکس جەختی لەوە کردەوە کە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل دەمێنێتەوە و هەر خەونێکی سەروەری کردنی بەسەر شارەکەدا ڕەتکردەوە.
کاتز لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئۆرشەلیم قوستەنتینیە نییە و ئیسرائیلیش ئیمپراتۆریەتێکی خاچپەرستی ڕوو لەڕووخان نییە، بەڵکو وڵاتێکی بەهێز و بەئیرادەیە کە توانای بەرگریکردنی لە خۆی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا سەلماندووە."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەروەها نووسیویەتی "ئۆرشەلیم بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵە پایتەختی جووەکانە و بۆ هەمیشەش وەک پایتەختی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا دەوڵەتی عوسمانی کە ئێوە و ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینن ڕووخا و هەرگیزیش ناگەڕێتەوە."
ئەم وتانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەدا، خواست و هیوای خۆی دەربڕی کە ڕۆژێک ببێت بە پارێزگاری ئۆرشەلیم لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا وتیشی "بە یارمەتی خودا، ئەم خاکانە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی و سەروەری ئێمە"، ئاماژەی بەوەشکرد، خەونی ئەو ئەوەیە لە داهاتوودا حوکمڕانی ئۆرشەلیم بکات.
کاتز هەروەها ڕەخنەی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسەکانی گرت و وتی ئەوان تورکیا دەگەڕێننەوە بۆ "سەردەمی تاریکی و دواکەوتوویی."
وتەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گرژییە زارەکییەکانی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر پرسە ناوچەییەکان و بەتایبەتی دۆخی ئۆرشەلیم و شەڕی غەززە زیادی کردووە.

