بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،هاوپەیمانی خزمەت،پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانەی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستی پێکردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوپەیمانییەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: هاوپەیمانی خزمەت،جەخت لە پشتیوانی تەواوی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەو ڕێکارانەی سەرۆک وەزیران دەیانگرێتەبەر بۆ تەواوکردنی ڕێڕەوی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەروەری نیشتمانی و توانای دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری گونجاو بێت.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : ئەم هەنگاوە بە مافێکی گرنگی نیشتمانی دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی توانای هێزە ئەمنییەکانمان و قوربانیدانە گەورەکانیانە، و داواشی کردووە کارکردن بەپێی دیدگایەکی نیشتمانی بەردەوام بێت کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەپارێزێت و سەربەخۆیی بڕیار و سەروەری تەواوی خاکەکەی بەهێز دەکات.


