پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە لە ڕێوڕەسمی یادی هەشتا و دووهەمین ساڵیادی ئۆپراسیۆنی نۆرماندی، ڕێزی لە گیانی ئەو سەربازە ئەمەریکاییانە گرت کە لە کاتی داگیرکردنی نۆرماندی لە جەنگی جیهانی دووەمدا گیانی خۆیان بەختکرد بۆ بەرگریکردن لە ئازادکردنی ئەوروپا لە ستەمکاری.
هێگسێت بە ئاماژەدان بە فیداکاریی هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و فەرەنسا لە جەنگی جیهانی دووەمدا وتی: "ئێمە لە پاڵ هاوپەیمانەکانمان دەوەستین و چاوەڕێ دەکەین ئەوانیش ئامادە و چەک بەدەست لەگەڵمان بن."
وەزیری جەنگ لە درێژەی قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بەو سەربازە ئەمەریکاییانەی گیانیان لە کەنارەکانی نۆرماندی بەختکرد، وتی ئەوان بە قوربانیدانی ژیانیان " بەرگریان لە ئازادیی ئەوروپا کرد." گوتیشی ئەو ئازادییە دەبێت لەلایەن نەوەی داهاتووی ڕێبەران و جەنگاوەرەکانەوە بپارێزرێت.
هێگسێت ئاماژەی بەوەشکرد "ئاشتی تەنها بە هێز دابین دەکرێت؛ هێز لە هەردوو لای زەریا ئەتڵەسی و بە ئامادەباشیی سەربازی و ئیرادەی سیاسیی ئێمە."
هێگسێت بە ئاماژەدان بە گۆڕستانی نۆرماندی وتی: "ئەم شوێنە تەنها گۆڕستان نییە. ئەم شوێنە یادگاریی ڕۆحی بەچۆک نەهاتووی سەربازە ئەمەریکاییەکانە. بەڵگەیەکە بۆ ئەو قوربانییە گەورانەی جەنگاوەرەکانمان کە بۆ ئازادکردنی تەواوی کیشوەرێک لە چنگی ستەمکاری ئەنجامیان دا."



