بەغدا-INA
ئەمرۆ هەینی ، بانکی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 900ملیۆن دۆلار دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی فراوان بەمەبەستی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ڕێگاوبانەکانی عێراق، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری،ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 90% ی جموجۆڵی گواستنەوەی کاڵا و نەفەر لە عێراقدا پشت بە ڕێگاوبانەکان دەبەستێت، بەڵام زۆربەی ئەم ڕێگایانە بەهۆی تەمەنی زۆر و فشارە ژینگەییەکان و کەمیی چاکسازی، تووشی داڕمان و خراپبوون بوون، کە ئەمەش بە ئاشکرا بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم گەشەی ئابووری و بازرگانی و ئاسانیی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بانکی نێودەوڵەتی، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : پڕۆژەکە بە شێوەیەکی ستراتیژی دوو تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت؛ یەکێکیان ڕێڕەوی باکوور - باشوورە کە بەغدا بە سنووری تورکیاوە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی ڕێگای خێرای (E2)، و ئەوی دیکەیان ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا دەگرێتەوە لەسەر هێڵی ڕێگای خێرای (E1) کە بەغدا بە هەردوو وڵاتی سووریا و ئوردنەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە تەرخان کراوە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە سوودی ڕاستەوخۆ بە نزیکەی 7.9ملیۆن هاووڵاتی بگەیەنێت کە لەسەر ئەو هێڵانە نیشتەجێن، لەنێویاندا 3 ملیۆن ئافرەت و 1.5 ملیۆن گەنج، بەمەش دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی کاتی گەشتکردن،و دابەزاندنی تێچووی گواستنەوە، و بووژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ،و گەشتیاریی ئایینی و پیشەسازی.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : جان کریستوف کارێ، بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی نێودەوڵەتی،لەم بارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگاوبانەکان بڕبڕەی پشتی تۆڕی گواستنەوەی عێراقن و کلیلی سەرەکین بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە تەنیا هەوڵێکی کاتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرە پڕۆژەیەکی دوورمەودا کە ئامانجی چاکسازییەکی بنەڕەتییە لە کەرتی ڕێگاوبانەکاندا، و ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێت و لیژنەیەکی باڵا کە نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی تێدایە چاودێری دەکات، هەروەها هەوڵ دەدات ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کەرتی تایبەت بەشداریی کارا لە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ڕێگاکاندا بکات، بەشێوەیەک کە ببێتە سەرچاوەی داهات و ئاسایش بۆ ئابووری نیشتمانی وڵات.