بەغدا - INA
ئەمڕۆ هەینی،عەدنان فەیحان دلێمی،جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پشتگیریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ بەرنامە ژینگەیییە بەردەوامەکان دووپات کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە، عەدنان فەیحان دلێمی،پشتگیریی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی بۆ سەرجەم ئەو دەستپێشخەری و پڕۆژانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان باشترکردنی دۆخی ژینگەی عێراقە، بەتایبەتی هەڵمەتەکانی چاندنی دار و دارخورما بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، فەیحان، داوای لە حکوومەتە خۆجێییەکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە، ئەو بەرپرسیارێتییەیان لە ئەستۆ بگرن بۆ پاراستنی ڕووبار و باخ و زۆنگاوەکان و ڕێگریکردن لە پێشێلکارییە ژینگەیییەکان،هەروەها دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری و چاندنی داری بەردەوام، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە (27)ی ساڵی 2009ی تایبەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگە و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە بواری ژینگە.
ئاماژەشی بەوەکردووە: ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕێگەی ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردن و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامە ژینگەیییەکان، بە جۆرێک کە خزمەت بە پاراستنی سامانە سروشتییەکان و باشترکردنی کوالێتی ژیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بکات.



