بەغدا - INA

ئەمڕۆ هەینی،دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند : پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنی لە وێستگەکان بەردەوامە، بەتایبەت دوای ڕێنماییەکانی، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: تیمێکی مەیدانی پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنی لە وێستگەکان و سەرپەرشتیکردنی میکانیزمەکانی دابەشکردن، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە حاڵەتەکانی قاچاخچێتی و دڵنیابوون لە گەیشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بە هاووڵاتییان، لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەیە کە گیراونەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و بەدواداچوونی ئاسانیی پرۆسەکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : دەستەکە جەختی کردۆتەوە کە تیمە پێکهێنراوەکان لە فەرمانبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و لێکۆڵینەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیان کرد بە ئەنجامدانی سەردانی مەیدانیی کتوپڕ بۆ ژمارەیەک وێستگەی سووتەمەنی لە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافەی بەغدا.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە سەردانەکان بۆ ئاگاداربوونە لە ڕێوشوێنەکانی دابینکردنی بەنزین و یەکخستنی ئەو بڕە سووتەمەنییەی لە کۆگاکانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دابین دەکرێت لەگەڵ ئەو بڕەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کراوە، جگە لە بەدواداچوونی میکانیزمەکانی کۆگاکردن و دابەشکردن و دڵنیابوون لە ڕوونەدانی هیچ حاڵەتێکی قاچاخچێتی یان یاریکردن بە نرخ.

راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو : کە تیمە مەیدانییەکان تێبینییان کردووە کە پرۆسەی دابینکردن، بەتایبەت دوای دەرکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، لەو وێستگانەی سەردان کراون بەردەوامە، بەتایبەتی وێستگەی سەیدییە، کە لەوێدا خواستێکی زیاتر لەسەر بەنزینی موحەسەن (باشکراو) بەراورد بە ئاسایی تۆمار کراوە، لەگەڵ بەردەوامیی دابینکردنی بەرهەمەکە بۆ وێستگەکان لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە بە ڕێژەیەکی ڕێکخراو، هاوکات ئاستێکی مامناوەندی قەرەباڵغی لەسەر دەرچەکانی دابینکردنی بەنزینی موحەسەن تێبینی کراوە، لەگەڵ بەردەوامیی ئاسانیی کارکردن و پێدانی سووتەمەنی بە هاووڵاتییان.