بەغدا - INA
ئەمڕۆ هەینی، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە،پلانی حکوومەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە ژینگەیییە کەڵەکەبووەکانی عێراق ڕاگەیاند، هاوکات جەختی کردەوە لە سزادانی هەر لایەنێک کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و جێبەجێکردنی سزا یاساییەکان.
وەزیری ژینگە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : لە ڕۆژی جیهانیی ژینگە،ئێمە وەک وڵاتێکی بەڵێن بەخش و جدی لە بەدیهێنانی هەموو بەرنامەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و ئەندامێکی کارا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکاندا لە سایەی حکوومەتێکدا کە هەوڵ دەدات چارەسەر بۆ هەموو کێشە ژینگەیییە کەڵەکەبووەکانی دەیەکانی ڕابردوو دابنێت، جەخت دەکەینەوە کە ئەم ڕۆژە تەنها بۆ بیرخستنەوەی گرنگی کارکردن بۆ ژینگەیەکی پاک و سەلامەت نییە، بەڵکو دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ وەستان لەسەر ئەو زیان و پیسبوونەی بە ژینگەکەمان گەیشتووە، و پێداچوونەوە بە سیاسەت و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تەنگەژە ژینگەیییە کەڵەکەبووەکان.
وەزیری ژینگە دەشڵێت: گرنگی نەدان بە دۆسیەی ژینگە، دەریدەخات کە تێگەیشتن لە قەبارەی ئەو مەترسییانەی ژینگە پیسبووەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گەشەپێدان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروستی دەکەن لاوازە، لەم سۆنگەیەوە، ئێمە لە وەزارەتی ژینگە و بە پشتیوانیی ، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، بڕیارمان داوە ژینگەی عێراق پێشبخەین، و ئەم ڕۆژە دەکەینە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بە کارکردنی جدی و بەرپرسیارانە بۆ پاراستن و باشترکردنی ژینگە.
وەزیری ژینگە ، ڕوونیشیکردەوە : کە دیارترین لەپێشینەی کارەکانمان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، کارکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو، و لابردنی هەموو ئەو زبڵخانە و سەرپێچییانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ڕووبار و ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەوپێیەی ئاوی پاک مافێکی سەرەکییە بۆ سەرجەم هاووڵاتیان.
هەروەها کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا لە ڕێگەی توندکردنی چاودێری ژینگەیی و جێبەجێکردنی سزای یاسایی بەرامبەر ئەو لایەن و کۆمپانیا گشتی و تایبەتانەی کە پابەندی ڕێنمایی و پێوەرە ژینگەیییەکان نابن کە لەلایەن وەزارەتی ژینگەوە پەسەند کراون، بەشێوەیەک دڵنیایی بدات لە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوون.
سروە عەبدولواحید ، جەختی لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییە ژینگەیییەکان و سزادانی هەر لایەن یان دامەزراوەیەک، لە کەرتی گشتی و تایبەت، کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت یان پابەندی ئەو ڕێوشوێن و پێوەرانە نابێت کە وەزارەتی ژینگە بۆ پاراستنی سەلامەتی ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان دایان دەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد : ئێمە پشت بە ڕۆڵی گرنگی دەسەڵاتی دادوەری دەبەستین لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ژینگە و چەسپاندنی سەروەری یاسا، ئێمە متمانەمان بە ڕۆڵی کارای ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەیە بە سەرۆکایەتی دادوەر فائق زەیدان لە ڕێڕەوی چاکسازی و بنیاتنانی دامەزراوەی باوەڕپێکراو و پاک، چونکە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ژینگە دوو ڕێڕەوی لێکدانەبڕاون لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی ساغڵەم.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد : پاراستنی ژینگە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هاوبەشە، پێویستی بە یەکگرتوویی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە هەیە، لەگەڵ کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەیییەکان، بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەلامەتتر و تەندروستتر و بەردەوامتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەروەک جەختیشی کردەوە : لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پەیمانمان لەبەردەم گەلەکەماندا نوێ دەکەینەوە کە پاراستنی ژینگە ببێتە لەپێشینەیەکی نیشتمانی ڕاستەقینە، و بە هەموو جدییەت و بڕیارێکەوە کار بکەین بۆ عێراقێکی پاکتر، ئاوێکی ڕوونتر، هەوایەکی سەلامەتتر، و ژینگەیەک کە شایستەی ئێستای ڕۆڵەکانمان و داهاتووی نەوەکانمان بێت.

