هەولێر - INA
ئهمڕۆ پێنجشەممە ، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له عێراق کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە هاتووە:
لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا جەختییان لە گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. لەمبارەیەوە، ئاماژە بە سەردانی گرنگ و سەرکەوتووی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە درا.
هەروەها بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکاری و پەرەسەندبەکانی دۆخی گشتیی عێراق و پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و کارکردن بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت و زیادکردنی داهاتی گشتی و باشترکردنی دۆخی دارایی عێراق کرا.