مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات لە کۆنگرێس ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە سەبارەت بە سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئەم دواییەدا و وتی هیچ لایەنێکی میانڕەو لە پێکهاتەی حوکمڕانی ئێراندا بوونی نییە و بڕیاردەرانی ئەو وڵاتە یان توندڕەون یان سەروی توندڕەوین.

ڕۆبیۆ بەو لیژنەیەی ڕاگەیاند ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی کۆتایی هاتووە و ئەمەریکا چیتر هێرشی بەردەوام لە ناوخۆی ئێران ئەنجام نادات بۆ لەناوبردنی توانای سەربازی ئەو وڵاتە.

ڕوبیۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کێ لە شەڕەکەدا سەرکەوتووە، وتی "من دەڵێم ئێمە پێناسەی سەرکەوتن دەکەین، ئێمە سەرکەوتن وەک لەناوبردنی بنکەی پیشەسازی بەرگرییان، کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی مووشەکهاوێژەکان، کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەناوبردنی ئەوەی کە لە هێزی ئاسمانییان مابووەوە و لەناوبردنی تەواوەتی هێزی دەریایی ئاسایی خۆیان پێناسە دەکەین."

ڕۆبیۆ وتی "هەموو ئەوانە نەماون. بۆیە من ئەوە بە سەرکەوتن دەزانم و ئێمەش ئەوەمان بە سەرکەوتن زانیوە. ئەوە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بوو."

مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند هیچ کەسێکی میانڕەو لە ڕێژیمی ئێراندا نییە و فەرمانڕەواکان یان توندڕەون یان سەرووی توندڕەوین.

لە وەڵامی نوێنەری دیموکراتەکان کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەمەریکا لە شەڕەکەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دۆڕاوە، ڕوبیۆ وتی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ساختە و درۆیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی "ڕێژیمی ئێران دوای ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی و توڕەیی ئابووری بە قورسی پەکی کەوتووە و توانای دابەزیوە. وتیشی خەڵکی ئێران بە قووڵی ناڕازین، بەڵام ڕێژیم بە سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕازییانی لە شەقامەکان گەڕاندووەتەوە ماڵەکان و رێگە بە ناڕەزایەتی دەربڕین نادات.

مارکۆ ڕوبیۆ لە وەڵامی ڕەخنەکانی گریگۆری میکس، دیموکراتێکی باڵا لە کۆنگرێس سەبارەت بە گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و سوتەمەنی لە ئەمەریکا لە دوای شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وتی "ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، گرنگترە لە بەرزبوونەوەی کاتی نرخەکان."