ئەمەریکا پشتیوانی لە دەستپێشخەریی حکومەتی عێراق دەکات بۆ تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و بە هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و سەقامگیری هەمیشەیی نیشتمانی ناوی دەبات.

تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا، لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە "بناغەیەکی نوێیە بۆ حکومەتێکی نوێی عێراق."

پەیامەکەی تۆم باراک دوای ئەوە هات سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ پێشوازی لە بڕیاری چەند گرووپێکی چەکداری شیعە کرد بە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی. زەیدی ڕاشیگەیاند کار لەسەر ئەوە دەکات لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە بۆ نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت.

تۆم باراک ستایشی ئەو گروپە چەکدارانەی کرد کە ڕێککەوتوون چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن و ڕایگەیاند "متمانەی زەیدی لە جێگەی خۆیەتی" و دەستپێشخەرییەکەی بە "تەنها سەرەتایەک" وەسف کرد.

نوێنەری ئەمەریکا متمانەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات کردەوە.

زەیدی ڕۆژی چوارشەممە بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ جێبەجێکردنی پێوەرەکانی جیابوونەوە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن حکومەتەوە.

ئەم بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان زەیدی و شاندەکانی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی ڕاگەیەندرا.

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان، سوپاسی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتایبی ئیمام عەلی کرد بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی دەسەڵاتی باڵای ئایینی و "بەرگریکردن لە دەستوور و یاسا."

لە بەیاننامەیەکدا فایەق زێدان داوای لە گروپە چەکدارانی تر کرد "پەیوەندی بە براکانیانەوە بکەن کە پێشتر بەو پرۆسەیە ڕازی بوون و بەشدار بن لە بەرقەرارکردنی نەزمی ئەمنی و کۆمەڵایەتی."

ئیحسان شەمەری، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەت، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئیدارەی ترەمپ لە دوای هەڵبژاردنی زەیدیەوە پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی ئێستای عێراق دەربڕیوە و دەستنیشانکردنی باڵیۆز تۆم باراک وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی ئەمەریکا پابەندە بە نەخشەڕێگایەک بۆ عێراق.

ئیحسان شەمەری ڕایگەیاند، "ئامانجی ئەم نەخشەڕێگایە تێکەڵکێشانەوەی عێراقە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بریتییە لەوەی عێراق بکاتە بەشێک لە ڕێکخستنە ئاسایشیی و جیۆپۆلەتیکیەکانی داهاتوو. جگە لەوەش واشنتۆن هەوڵدەدات کۆتایی بە نفوزی ئێران لە عێراق بهێنێت، ئەمەش تەنها بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ داماڵینی چەک لە میلیشیاکان بەدەست دێت."

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە هەروەها پێی وایە ئەو سزایانەی پێش ڕاسپاردنی تۆم باراک بەسەر چەند سەرکردەیەکی ئەو گروپە چەکدارانەدا سەپێندراون، لەگەڵ مەرجە سەختەکانی ئەمەریکا لەسەر هاوپەیمانی شیعە، هەتا ڕادەیەکی زۆر هۆکار بوونە لە بڕیاردانی بەشێک لەو گروپە چەکدارانە بە چوونە ژێر باری دەستەڵاتی حکومەتی عێراق.

بەڵام ئەو شارەزایە عێراقییە پێیوایە هەندێک گرووپی چەکداری دیکە ئەو پرۆسەیە ڕەت دەکەنەوە، ئەمەش لە نزیکایەتی لە ئێران و دژایەتیکردنی واشنتن دێت.

ئیحسان شەمەری سەرکەوتنی پرۆسەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی ناوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شێوازی جێبەجێکردنی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئێران و دەستەبەرکردنی چەکداماڵینی میلیشیاکان.

گروپی نوجەبا ڕۆژی چوارشەممە ڕادەستکردنی چەکەکانی ڕەتکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا لە کەناڵی تێلێگرام ڕایگەیاند، هەڵوێستیان سەبارەت بە "چەکی پیرۆز بەڵێنێکە هەرگیز ناگۆڕێت."