بەغداد – INA

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، بەڕێز عەممار حەکیم، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوێستی بەڕێز موقتەدا سەدر، شێخ قەیس خەزعەلی و شیبل زەیدی، بەهۆی ڕاگرتنی پەیوەندی و جیابوونەوەیان لە حەشدی شەعبی و هەنگاونانیان بەرەو قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

سه‌ید حەکیم لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ :"پێزانینی زۆرم هەیە بۆ ڕێنماییەکەی بەڕێز موقتەدا سەدر سەبارەت بە جیابوونەوەی سەرایای سەلام و تێکەڵبوونیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، و هەروەها هەڵوێستی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەمینداری گشتییەکەی شێخ قەیس خەزعەلی، و کەتائیبی ئیمام عەلی و ئەمینداری گشتییەکەی شیبل زەیدی، لە ڕاگەیاندنی پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی و ئاراستەبوونیان بەرەو قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی، و گونجاو لەگەڵ دەقەکانی دەستوور، یاسای حەشدی شەعبی و کارنامەی حکومەتدا."

سه‌ید حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌: "ئەم بڕیارانە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا، چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی، پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی بەو شێوازەی کە ئاسایش و سەروەری بەدیبهێنێت، و ڕێگا خۆش بکات بۆ بونیادنانی عێراقێکی بەهێز کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی هاووڵاتیان دامەزرابێت".