بەدواداچوون ـ INA
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هێشتا نەبووەتە کۆتایی."
ئاشكراشیكرد: "دەبێت بزانین ئایا متمانەپێکراوی لە لادانی گەمارۆی دەریایی ڕاستەقینەیە یان تەنیا لێدوانی میدیاییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە لەم قۆناغەدا سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگە و باسی وردەکارییەکانی پرسی ئەتۆمی ناکەین."
هەروەها رونیكردەوە: "ئێمە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان دەجوڵێینەوە، نەک بەپێی ئەوەی ئەمریکییەکان دەڵێن دەبێت ئەنجامی بدەین"، جەختیشیکردەوە: "کەشتییە دوژمنکارەکان قەدەغەکراون لە پەڕینەوە لە گەرووی هورمز، و کەشتییە بازرگانییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانماندا تێپەڕیون."
راشیگەیاند: "چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا پەیوەستە بەو دوو وڵاتەی کە بەسەریدا دەڕوانن، کە ئەوانیش عومان و ئێرانن."
لە کۆتاییدا جەختیکردەوە: "لەم قۆناغەدا باس لە وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و ماددە ئەتۆمییەکان ناکەین"، ڕوونیشیکردەوە: "هیچ کام لە لایەنە ڕۆژئاواییەکان مافی ئەوەیان نییە بە زمانی سەپاندن و فەرمانکردن قسەمان لەگەڵ بکەن."

