بەغدا - INA

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێوان عێراق و ڕووسیادا کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمڕۆ لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، لەگەڵ سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا و بەستەرە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا، لەگەڵ گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئەعرەجی بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات جیادەکاتەوە متمانەی بەرامبەرە، ئاماژەشی بە پەرۆشیی عێراق کرد بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئاسایش لە چواردەیەمین کۆبوونەوەیدا، ئەمەش لە سۆنگەی هەڵوێستی بونیادنەرانەی ڕووسیا بەرامبەر بە گەلێک پرسی جیهانی، جگە لە گرنگیی کۆڕبەندەکە وەک پلاتفۆرمێک بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگای دەوڵەتان. هەروەها ستایشی هەڵوێستی ڕووسیای کرد لە پشتگیریکردنی عێراق لە کاتی شەڕەکانی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە تەکنەلۆژی و زانستییەکانی ڕووسیا.

لای خۆشیەوە ناریشکین جەختی لەسەر قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، و ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بەرامبەر بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کرد