بەغداد - INA - ئامنە سەلامی

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە، فەریقی روکن زافیر حوسێنی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا دەستبەسەر نزیکەی ٧ ملیۆن لیتر پێکهاتەی نەوتیدا گیراوە و ٢٧٨ تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

حوسێنی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وزە بەردەوامە لە هەوڵە چڕەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی پێکهاتە نەوتییەکان و پاراستنی سامانی نیشتمانی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی ئەم مانگەدا توانیویانە ئەنجامی ئەمنیی گرنگ لە پارێزگا جیاوازەکانی وڵاتدا بەدەستبهێنن".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش وت: "مەفرەزەکانی پۆلیسی وزە لەم مانگەدا توانیویانە (٤٣) تۆمەتبار و سەرپێچیکار لە دۆسیەکانی قاچاخچێتی پێکهاتە نەوتییەکاندا دەستگیربکەن، ئەمەش دوای بەدواداچوونی وردی هەواڵگری و هەوڵێکی مەیدانی چڕ"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی (٤٧) تانکەر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر کە بۆ قاچاخچێتی پێکهاتە نەوتییەکان لە چەند پارێزگایەکدا ئامادەکرابوون، بەبێ هەرێمی کوردستان، کە تێیدا ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر تێوەگلاوان گیراوەتەبەر و دەستبەسەرداگیراوەکانیش ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "پۆلیسی وزە لە هەردوو پارێزگای بەسڕە و سەڵاحەدین ئۆپەراسیۆنی جۆریی ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی هەڵکوتانە سەر (٥) مۆڵگە کە بۆ مەبەستی نایاسایی پەیوەندیدار بە قاچاخچێتی و کۆگاگردنی پێکهاتە نەوتییەکان بەکاردەهاتن، و دەستیش بەسەر کەلوپەلەکانی ناویدا گیراوە بەپێی کۆنووسی فەرمی ئوسوڵی".

حوسێنی ڕوونکردنەوەی دا کە "هەوڵە ئەمنییە بەردەوامەکان بوونەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بڕی (١,٣٢٧,٠٠٠) لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکان لە ماوەی ئەم مانگەدا، لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی پەرۆشی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی و سزادانی هەر کەسێک کە هەوڵی یاریکردن بە سامانی وڵات بدات".

ئەوەشی خستەڕوو کە "ڕێژەی سەرپێچییەکانی سەر بۆرییە نەوتییەکان گەیشتووەتە (0%)، لە کاتێکدا ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی پڕۆسەکانی قاچاخچێتی بە ڕێژەی (98%)، هەروەها لە هەمان ماوەدا (٤) وێستگەی سەرپێچیکار تۆمارکراون".

وتیشی: "کۆی گشتیی ژمارەی تۆمەتباران گەیشتووەتە (٢٧٨) تۆمەتبار، لە کاتێکدا بڕی پێکهاتە نەوتییە دەستبەسەرداگیراوەکان گەیشتووەتە (٦,٩٦٣,٠٠٠) لیتر، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی (٢٨) مۆڵگە و (٢٤٩) ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا".

حوسێنی جەختی کردەوە کە "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وزە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانی بۆ پاراستنی سامانی نەوتی و بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری لە وڵاتدا".