بەغداد – INA

وەزیری گەیاندن، مستەفا سەنەد، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی نایاسایی ئەنجام دەدرێت.

سەنەد لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا (تەممووز)، سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی هەڵوەشاندنەوەی ئەم تۆڕانە و ڕادەستکردنی پاڵپشتیکارانیان بە دادگا دەکەم؛ دەتوانن ئەم لێدوانە وەک دواین ئاگادارکردنەوە سەیر بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت، چونکە ئێمە لایەنی مرۆیی ڕەچاو دەکەین پێش ئەوەی بەرەو جێبەجێکردنی دادپەروەری هەنگاو بنێین، بەڵام هیچ بەزەییەک بۆ قاچاخچییە گەورەکان نابێت".

وتیشی: "زیاتر لە ملیۆنێک و نیو بەشداربووی ئینتەرنێت هەن کە بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە تۆمار نەکراون و بەشداریکردنەکەیان نایاساییە، کە دەوڵەت هیچ ڕسومات یان باجێکیان لێ وەرناگرێت؛ هەندێکیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە و بێ ئاگاداری خۆیان هێڵەکەیان بۆ دابینکراوە، هەندێکی تریشیان بەشداریکردنی تێکەڵکراو یان دەستکاریکراویان (کوالێتی نزم) پێ دەفرۆشرێت، و بەشێکیشیان ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی تێکەڵکراویان پێ دەفرۆشرێت (بۆ نموونە ستارلینک)"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "دۆلارەکان بە با دەنێردرێن بۆ ئیلۆن مەسک بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بۆ دەوڵەت هەبێت".