نێودەوڵەتی – INA
یانەی ئینتەر میامی وردهکاریی ئەو پێکانەی ئاشکرا کرد کە تووشی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرژەنتینی یانەکەی بووە، دوای ئەوەی لە کاتی یاریی تیپەکەی بەرامبەر فیلادێلفیا یونیۆن لە خولی ئەمریکیدا، ئازاری لە ئەژنۆی چەپیدا هەست پێکردووە و ئەوەش ناچاری کردووە پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە یاریگا جێبهێڵێت.
پێکانەکەی مێسی لە کاتێکی هەستیاردا دێت پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتی جامی جیهانی (مۆندیال)، کە بڕیارە لە ۱۱ی حوزەیرانی داهاتووەوە لە وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا هەڵبژاردەی ئەرژەنتین خۆی بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکەی ئامادە دەکات.
یانەی ئینتەر میامی ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەو یاریزانە تەمەن ۳٨ ساڵانە، لە کاتی یارییەکەدا کە بە سەرکوتنی تیپەکەی بە ئەنجامی (٦ - ٤) کۆتایی هات، هەستی بە ئازاری جەستەیی کردووە و لە خولەکەکانی کۆتاییدا گۆڕانکاری پێکراوە؛ مێسی دوای جێبەجێکردنی لێدانێکی سەربەست، نیشانەکانی ئازاری پێوە دیار بووە و ڕاستەوخۆ بەرەو ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان ڕۆیشتووە.
یانەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پشکنینە پزیشکییانەی بۆ یاریزانەکە کراون، دەریانخستووە کە تووشی ماندووبوونی زۆری ماسولکەیی (حمل زائد) بووە لە ژێیەکانی ئەژنۆی چەپیدا، ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاتی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان بەندە بە خێرایی چاکبوونەوە و وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەرە پزیشکییەکان.
بڕیارە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین لە ١٦ی حوزەیرانی داهاتوودا بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی جەزائیر دەست بە گەشتی بەرگریکردن لە نازناوی جامی جیهانی بکات، لەکاتێکدا بەشداریکردنی مێسی بەندە بە ڕادەی ئامادەیی تەواوی جەستەیی، بەتایبەت دوای ئەوەی پێشتر جەختی کردبووەوە کە بەشداری پاڵەوانێتییەکە ناکات مەگەر لە باشترین دۆخی جەستەییدا بێت.

