نێودەوڵەتی – INA
مۆد بڕیگۆن، وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا، تۆمارکردنی ٧ حاڵەتی گیانلەدەستدانی پەیوەست بەو پێلەی گەرمایەی کە ڕووی لە وڵاتەکە کردووە ڕاگەیاند، ئەمەش لە دیاردەیەکدا کە بە بێپێشینە وەسفکراوە چونکە لە مانگی ئایاردا ڕوودەدات.
بڕیگۆن کە هاوكات پۆستی وەزیری ڕاسپێردراو بە کاروباری وزەشی هەیە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "TF1" ڕوونیکردەوە کە ئەم گیانلەدەستدانانە لانی کەم ٥ حاڵەتی خنکانیان تێدایە کە بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبوون، سەرەڕای چەند حاڵەتێکی تری گیانلەدەستدان کە لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشدا لە پاریس و ناوچەی لیۆنی گەورەدا ڕوویانسی داوە.
وتەبێژەکە جەختی لەسەر پێویستیی وریایی تاکەکەسیی توند کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و ئەگەری گۆڕانیان هەیە دوای کۆتاییهاتنی پێلی گەرماکە، چونکە ژمارەی دروستی قوربانییەکان لە داهاتوودا سەرژمێری دەکرێت.
لەلای خۆیەوە، دەستەی کەشناسی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو گەرمترین ڕۆژ بووە لە مێژوودا بۆ مانگی ئایار لەو کاتەوەی دەست بە تۆمارکردنی پلەکانی گەرما کراوە، و وتیشی کە پلەکانی گەرما ئەمڕۆش بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە و گەرمتر دەبێت لە دوێنێ، ئەمەش لە ژێر بەردەوامیی کاریگەریی ئەوەی کە بە "قوبەی گەرما" (کڵاوەی گەرما) دەناسرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ پارێزگا لە ڕۆژاوای فەڕەنسا چوونە دۆخی ئامادەباشی ڕەنگی پرتەقاڵییەوە، کە ئەم هۆشدارییە تا ڕۆژی چوارشەممەش بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک پێشینەیەک کە بۆ یەکەمجارە لەم مانگەدا ڕووبدات.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

