قاهیرە – INA – ئەحمەد محەمەد ساڵح

ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عەرەبی سەرکۆنەی هەنگاوی ئەوەی پێی دەوترێت هەرێمی سۆمالیلاند (ئەرزولسۆمال)ی کرد بۆ کردنەوەی "باڵیۆزخانە"یەکی دەنگۆبۆکراو لە قودس، و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدارە، کە جەخت لەسەر پێویستیی دەستکارینەکردنی پێگەی مێژوویی و یاسایی ئەم شارە داگیرکراوە دەکەنەوە.

پەرلەمانی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر "ڕەتکردنەوەی تەواوی هەر ڕێکارێکی تاکلایەنەی نایاسایی و پووچەڵ کردەوە کە ئامانج لێی چەسپاندنی دۆخێکی ناسێنراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێت، و سەرپێچی لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات"، ڕوونیشیکردەوە کە "هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پێگەی مێژوویی و یاسایی قودسی داگیرکراو بە هەڵوەشاوە و پووچەڵ دادەنرێت و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی لێ ناکەوێتەوە".

هاوكات پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ "یەکپارچەیی و سەروەریی کۆماری سۆماڵی فیدراڵ و سەلامەتی خاکەکەی، و ڕەتکردنەوەی هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە کە زیان بە سەروەریی سۆماڵ و یەکڕیزییەکەی بگەیەنێت" دووپاتکردەوە، و داواشی لە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتییە سیاسی، یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بەرامبەر بەم پێشێلکارییانە هەڵبگرێت، بە شێوازێک کە یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەتان بپارێزێت، و پێگەی یاسایی و مێژوویی شاری قودسی داگیرکراو بپارێزێت".