نێودەوڵەتی – INA

دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلە باکووری چیللی هێناوەتە لەرزە، بەڵام دەستبەجێ هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر تۆمارکردنی بریندار یان زیانی ماددی نەبووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی دەستە ئەمریکییەکە، بوومەلەرزەکە لە بیابانی ئەتاکاما، لە دووری نزیکەی 31 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی کالاما، و لە قوڵایی نزیکەی 100 کیلۆمەتردا ڕوویداوە.

لای خۆشییەوە، دەستەی نیشتمانی بۆ ڕێگریگرتن و وەڵامدانەوەی کارەساتەکان لە چیللی ڕایگەیاند کە هیچ مەترسییەک بۆ دروستبوونی تسۆنامی نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ برینداربوونێک یان زیانێکی قورس ڕووی نەداوە.

میدیا ناوخۆییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانیشتوانی ناوچەکانی ئەڕیکا، تاراباکا، ئەنتۆفاگاستا و ئەتاکاما هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

شایەنی باسە ئەم وڵاتە کە دەکەوێتە ئەمریکای باشوور، یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین جار ڕووبەڕووی بوومەلەرزە دەبێتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی