بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، یانەی غازی باکوور، بە فەرمی سەرکەوت بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ تۆپی پێ، دوای ئەوەی توانی دووەم بلیتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بە بردنەوەی لە تیمی حوسێن بە ئەنجامی (2-1) لە کۆتایی خولی نایابی عێراقدا.

جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکان، فورات جەبار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "تیمی غازی باکوور بە فەرمی سەرکەوت بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ تۆپی پێ، دوای ئەوەی لە کۆتایی خولی نایابی عێراقدا بە ئەنجامی (2-1) لە تیمی حوسێنی بردەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "بەو بردنەوەیە، غازی باکوور دووەم بلیتی سەرکەوتنی مسۆگەر کرد لە پاڵ تیمی جۆلان کە پێشتر یەکەم بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "تیمی حودوود بە ئەنجامی (2-1) دۆڕا بە تیمی حەشدی شەعبی کە میوانداریی دەکرد، بەمەش حودوود پلەی سێیەمی گرت و دەچێتە یاریی یەکلاکەرەوە (Play-off) لە بەرامبەر یانەی کەربەلا کە خاوەنی پلەی چوارەمە".

ڕوونیشی کردەوە کە "یارییەکەی نێوان حودوود و کەربەلا لەسەر یاریگایەکی بێلایەن بەڕێوەدەچێت و ماوەی 90 خولەک دەبێت"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "لە ئەگەری کۆتاییهاتنی یارییەکە بە یەکسانبوون، ئەوا دەچنە کاتی زیادکراوەوە، و ئەگەر لە کاتی زیادکراویشدا بە یەکسانبوون کۆتایی هات، ئەوا لێدانی سزای یەکلاکەرەوە نابێت، بەڵکو خاوەنی پلەی سێیەم کە یانەی حودوودە سەر دەکەوێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەفزەڵییەتی پلەکەیەوە لە ڕیزبەندیدا".

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "براوەی ئەم یارییە لە دوو یاریی چوون و هاتندا ڕووبەڕووی خاوەنی پلەی 18ی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتەوە، و براوەیان لە خولی ئەستێرەکاندا یاری دەکات، بەڵام دۆڕاوەکە لە خولی نایابدا دەمێنێتەوە".