بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، وەزارەتی ناوخۆ، جەختی کردەوە کە ئەو لێبووردنە دیسپلینییەی (ئینزیباتی) بە ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە، ئەو تاوانە گەورە و شەرەفشکێنانە ناگرێتەوە، و گشتاندنێک لەلایەن فەرمانگەی یاساییەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی دەردەچێت.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لیوا میقداد مێری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێکارەی دەرکراوە لە دوای یاداشتێک هات کە لەلایەن بریکاری دێرینی وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرابوو بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، و ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتیی لەسەر درا، دوێنێش نامیلکەی ڕێنماییەکان دەرچوو، و گشتاندنێکی پێدەکرێت لەلایەن فەرمانگەی یاساییەوە بۆ سەرجەم بەش و پێکهاتەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد: "مادام کار هەبێت، هەندێک جار هەڵەش ڕوودەدات، بەڵام هەندێک هەڵەی گەورە و ڕوون هەن کە چاوپۆشییان لێناکرێت و ئەم بابەتە نەیانگرێتەوە، و یاسا سزایان لەسەر دەسەپێنێت".
مێری ی خستە ڕوو و گوتی: "ئەو هەڵە و سەرپێچییە بچووکانەی کە پێویستیان بە پێداچوونەوەی مرۆڤ بە خۆیدا و چاوخشاندنەوە بە کارەکانیدا هەیە، لەسەریان داواکارییەک ئاراستەی بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرا بۆ دەرکردنی شتێک هاوشێوەی لێبووردن لە سزای دیسپلینی و سەرپێچییە بچووکەکان، و ئەو بابەتانەی کە یاسا ڕێگەی بە لێبووردن لێیان داوە".
ڕوونی کردەوە کە "ئەو سەرپێچییانەی لێبووردنەکە دەیانگرێتەوە کاتەکەیان کراوە نییە، بەڵکو دیاریکراوە بەو ماوەیەی کە لە ڕێککەوتی 22ی کانوونی دووەمی 2026 دەستپێدەکات تاوەکو ڕێککەوتی دەرچوونی بەیاننامەکە لە دوێنێدا (24ی ئایاری 2026)"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "هەر سەرپێچییەک یان سزایەکی دیسپلینی کە لەم ماوەیەدا ڕووی دابێت و یاسا ڕێگەی بە لێبووردن لێی دابێت، فەرمانگەی یاسایی ئەرکی لێکدانەوەی وردەکارییەکانی دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی بخرێنە ناو ئەم لێبووردنەوە".
شایەنی باسە دوێنێ یەکشەممە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی زەیدی، ڕایسپارد بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی تایبەتن بە تاوانەکانی غایببوون و سەرپێچییەکانی ئەو کارمەندانەی لە ماوەی (30) ڕۆژدا دەستبەکار دەبنەوە.

