بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان، پێشنیارێکی پەیوەست بە دابینکردنی بودجە بۆ سندووقی نیشتەجێکردن و پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان ئاشکراکرد،تیایدا رایگەیاندوە کە زیادکردنی پارەی قەرزەکانی نیشتەجێکردن بڕیارێکی حکومییە و بەستراوەتەوە بە بودجەوە.
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: دەستەی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق، پێشتر لە ساڵی 2024 دا، داوای لە حکومەت و پەرلەمان کردبوو پشتیوانی بانکی خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێکردنی عێراقی بکەن، ئەوەش لە ڕێگەی تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی ساڵانە لە ناو بودجەی گشتی فیدراڵیدا بۆ بەهێزکردنی سەرمایەی هەریەکەیان، بە جۆرێک کە دەرفەتیان پێ بدات خواستەکانیان لە پێدانی قەرزی نیشتەجێکردن بە هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن.
وتیشی: پێشنیارەکە هێشتا پەسەند نەکراوە، هیوادارین پەرلەمانی نوێ دوای پەسەندکردنی بودجە و تەرخانکردنی بودجەی زیادە بۆ سندووقەکە پەسەندی بکات، بۆ ئەوەی دەرفەتی پێدانی قەرز بە ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییان بڕەخسێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد : زیادکردنی بودجەی قەرزەکان بڕیارێکی حکومییە بەپێی سیاسەتی دارایی پەسەندکراو لە وڵاتدا، و بەپێی ئەوەی لە تەرخانکراوەکانی ناو بودجەدا هەیە.
راشیگەیاند : کە بانکی ناوەندی، پێشتر بڕیاری دواخستنی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارانەی داوە کە لەسەر سندووقی نیشتەجێکردن بوون بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەوەش پەیوەست بە دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندی کە پێشتر دەدرا، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی بودجەی سندووقەکە بۆ ئەوەی بتوانێت بنەمای پێدانی قەرزەکان فراوان بکات، هەرچەندە ئەو بڕە پارانەی دواخراون قەبارەی داواکارییەکی زۆر و زیادبووی سەر قەرزەکان پڕ ناکەنەوە.
ڕوونیشیکردەوە : سندووقەکە بە بودجەی خۆی کار دەکات، و لە بنەمای پێدانی قەرزدا پشت بە وەرگرتنەوەی پارە لە قەرزوەرگرانی پێشوو دەبەستێت بۆ کۆکردنەوەیان و پێدانیان بە سوودمەندانی تر، ئاماژەی بەوەشکرد : زۆربەی سەرمایەی ئێستای سندووقەکە لە دەرەوەی سندووقەکەیە، و دراوە بەو قەرزوەرگرانەی پێشوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا قەرزەکەیان وەرگرتووە.
وتیشی : ماوەی وەرگرتنەوەی پارەکە کاتی دەوێت، چونکە قەرزەکە لە ماوەی یەک ساڵدا بە بڕی تا 60 ملیۆن دیناری عێراقی وەک سنووری هەرە بەرز دەدرێت، لە کاتێکدا هەمان بڕە پارە لە ڕێگەی دانەوەی قەرزەکە بە 15 ساڵ وەردەگیرێتەوە، ئەمەش بەو پێیە کاریگەری لەسەر کاتی کردنەوەی دەرگای پێشکەشکردنی داهاتوو دەبێت، چونکە چاوەڕێی تەرخانکردنی پارە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین دیسان دەرفەتی سوودمەند بوون برەخسێت.
