بەغداد - INA

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی نێوان بەغداد و هەولێریان کرد.

دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە: فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغداد، پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەری کرد، لە میانی دیدارەکەدا، کۆی دۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی تاوتوێ کران، بە تایبەتی دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی حکومەت، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەهێزکردنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەیدا بکات، هەروەها هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دابینکردنی خواستی هاووڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : هەردوولا تاوتوێی ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە شێوەیەک کە ئاسایش بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات.