مارکۆ ڕوبیۆ, وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بەشێکی زیادکراوی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە نیودهلی کردەوە. ئەم بەشە دەبێتە شوێنی راپەراندنی ئەرکەکانی کۆنسۆڵگەری. مارکۆ روبیۆ ئامانجی ئەم زیاد کردنەی بە بەهێزکردنی پرۆسەی پشکنین و بەڕێوەبردنی ڤیزا و باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا ناودێرکرد.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەم بەشە نوێیە یارمەتی دەدات لە بەرزکردنەوەی ئاستی پشکنینی ئاسایشی بۆ داواکارییەکانی ڤیزا، بە تایبەتی لە وڵاتێکی وەک هیندستان کە ژمارەیەکی زۆر داواکاری ڤیزای بۆ ئەمەریکا هەیە.

ڕوبیۆ لەم مەراسیمەدا گوتی، "هەموو بڕیارێکی دەرکردنی ڤیزا بڕیارێکی ئاسایشی نیشتمانییە." ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی سیاسەتی "ئەمەریکا یەکەم"ی سەرۆک دۆناڵد ترامپدا جێبەجێ دەکرێت، کە پێشتر جەختی لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور و کۆنترۆڵکردنی کۆچکردن کردووەتەوە.