بەغدا - INA- محەمەد تاڵبی
ئەمڕۆ شەممە سەرۆكی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان، حەیدەر مەكیە ڕایگەیاند : قەبارەی وەبەرهێنانەكان لە عێراق گەیشتووەتە 114 ملیار دۆلار، دووپاتیكردەوە كە هەمواركردنەكانی داهاتوو قەبارەی كۆتایی وەبەرهێنان لە وڵاتدا زیاد دەكەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە پلانێكی گشتگیری وەبەرهێنان ئامادەكراوە كە پێنج كەرتی گرنگ دەگرێتەوە.
مەكیە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : قەبارەی وەبەرهێنانە دەرەكییەكان گەیشتە 67 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا قەبارەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی گەیشتە 47 ملیار دۆلار، بۆیە كۆی وەبەرهێنانەكان گەیشتە نزیكەی 114 ملیار دۆلار، جەختی لەوە كردەوە كە هەمواركردنەوەكانی داهاتوو بۆ پێداویستییەكانی سەرمایە دەبێتە هۆی زیادكردنی كۆی قەبارەی وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشكرد : دەستەكە كاری لەسەر ئامادەكردنی پلانی وەبەرهێنانی كەشوهەوا كردووە، كە لێكۆڵینەوەیەكی لە پێنج كەرت لەخۆگرتبوو، وزەی نوێبووەوە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، ئاو، و داهێنان، ڕوونیشیكردەوە : هەموو وەزارەتەكان بەشدارییان لە پلانەكەدا كردووە، لەگەڵ توێژینەوەكەدا لە نێوان مانگەكانی نیسان و ئەیلولی ساڵی 2024 ئەنجامدراوە، دواتر پوختەیەك ئامادەكراوە و لە مانگی یەكی ساڵی 2025دا ئاراستە كراوە، لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ پەسەندكراوە، و بەسەر هەموو وەزارەتەكاندا بڵاوكراوەتەوە.
ڕوونیشی كردەوە : كە كۆپییەكی پلانەكە لای وەزارەتی پلاندانانە و كۆمەڵێك پڕۆژەی لەخۆگرتووە بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمی ئاو، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بە پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی، بەمەش هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەدات بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراق.
ووتیشی : هەروەها پلانەكە بۆ سەرجەم باڵیۆزخانەكان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان بڵاوكرایەوە بۆ پێشخستنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی بەردەست و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ داواكردن و جێبەجێكردنیان.

