بەغداد ـ INA ـ ئامنە سەلامی

وەزارەتی ژینگە، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی کیسی پلاستیکی بارگرانییەکی ژینگەیی و ئابوورییە بۆ سەر وڵات، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق ڕۆژانە نزیکەی ١٦ هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنێت.

لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا درا سەبارەت بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کیسی بێبەرامبەری بازاڕکردن لە مۆڵەکان و دوکانەکانی گۆشتفرۆشی و فڕنەکانی سەموون، بڕیارێکی گرنگە لە سێ ڕووەوە کە ئەوانیش تەندروستی، ژینگەیی و ئابووریین.

وتیشی: کیسە پلاستیکییەکان ماددەی پۆلیمەرین و بەرگەی بارودۆخی جیاواز دەگرن و بە خێرایی شی نابنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ماددەی تێدایە کە بە (مایکرۆ پلاستیک) ناسراون، جگە لە ماددە کیمیاییە زیادکراوەکانی وەک بۆیە و نەرمکەرەوە و ڕەنگەکان، کە ڕەنگە هەندێک لەم ماددانە ژەهراوی و مەترسیدار بن.

ڕوونیشیکردەوە کە هەندێک لە بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە ، توانای گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکانیان هەیە بۆ ناو خۆراک، بەتایبەت لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین مەترسیی تەندروستی کە ڕەنگە بگاتە تووشبوون بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان، جگە لە کاریگەرییەکانی بۆ سەر ئەندامەکانی لەش و کۆئەندامی دەمار.

ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەت داوا دەکات بەکارهێنانی ئەو ماددە پلاستیکییانە کەم بکرێتەوە کە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ خۆراک و ئاو، وەک ماددەکانی پاکەتکردن و دەبە کانی ئاو و ئەو ئامرازانەی تەنها یەکجار بەکاردێن، چونکە شوێنەواری نەرێنییان لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە.

ڕاشیگەیاند: لایەنی ژینگەیی بڕیارەکە لەوەدایە کە بەرهەمە پلاستیکییەکان بە ئاسانی شی نابنەوە و بارگرانییەکی گەورەی ژینگەیین، کاتێکیش دەبنە پاشماوە زۆربەی کات دەسووتێنرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی گازی ژەهراوی وەک دایۆکسین و فلۆرینەکان، ئەمانە ماددەیەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژینگەدا دەمێننەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خۆراک و دەبنە هۆی زیانی تەندروستیی ئاڵۆز.

جەختیشی کردەوە کە "کەمکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان بەشدارە لە کەمکردنەوەی زیانە ژینگەیی و تەندروستییەکان، و پارێزگاری لە ئاژەڵان و فرەچەشنی زیندەیی و سامانی ماسی و ئاژەڵ دەکات.

لە ڕووی ئابوورییەوە، موختار ئاماژەی بەوە کرد کە تاکێکی عێراقی ڕۆژانە نزیکەی یەک کیلۆگرام پاشماوە بەرهەم دەهێنێت، کە نزیکەی ٤٠٠ گرامی پاشماوەی پلاستیکییە، ڕوونیشیکردەوە کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق کە نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، ڕۆژانە نزیکەی ١٦ هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنن.

وتیشی: ئەم ژمارەیە بە واتای پێویستی بە ژمارەیەکی زۆرتری کارمەندانی شارەوانی و ئامێرەکانی گواستنەوەی خۆڵ و خاشاک و شوێنی ژێرخاککردن دێت، جگە لە تێچووی سووتەمەنی و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان کە دەوڵەت لە ئەستۆی دەگرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی پاشماوەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە حکومییەکان بۆ بەڕێوەبردنیان.

لە کۆتاییدا وتی: عێراق بڕە پارەیەکی زۆر لە هاوردەکردنی بەرهەمە پلاستیکییەکاندا خەرج دەکات، ڕوونیکردەوە کە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ دەریانخستووە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی ماددە پلاستیکییەکان لە چەندین وڵاتەوە خەرج کراوە، لەوانە تورکیا، چین، ئیمارات، کوێت، سعوودیە، ئوردن