بەدواداچوون - INA
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمڕۆ هەینی هۆشداریی دا لە کەمیی توندی پێداویستییە پزیشکییەکان کە ڕێگری لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان دەکات بە هەموو توانایەکیانەوە لە غەززە کار بکەن، هاوکات سەرکۆنەی ئەو کۆتوبەندانەی (ئیسرائیل)ی کرد کە خراونەتە سەر داخڵکردنی ئەم کەلوپەلە بنەڕەتییانە.
ڕاینهێڵد فان دی ڤێردت، نوێنەری ڕێکخراوەکە لە خاکی فەلەستین، لە کاتی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، ٥٣٪ی نەخۆشخانەکان و ٥٨٪ی ناوەندە تەندروستییەکان کار دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی کەم..
وتیشی، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە "ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بوونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە کە کێشەکە" لەوەدایە هەندێک لە کەلوپەلە پزیشکییەکان "(ئیسرائیل) وەک 'بەکارهێنانی دوولایەنە' پۆلێنیان دەکات.
فان دی ڤێردت جەختی کردەوە کە ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت. ئێمە باس لە پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەین کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسراون، و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی لابردنی ڕێکارە بیرۆکراتییەکان و ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر گەیشتنی دەرمان و پێداویستییە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکان.
هۆشداریشی دا کە "بەبێ کەلوپەلی تاقیگە و ماددە تاقیگەییەکان (کواشف)، ناتوانین نەخۆشخانەکان نەخۆشییەکان دەستنیشان بکەن یان بڵاوبوونەوەی پەتا ئەگەرییەکان بدۆزینەوە" و "بەبێ ئامێرەکانی خەستکردنەوەی ئۆکسجین، ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستییان سەختە گیان لەدەست دەدەن".
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لە غەززە، کە ١٠ هەزاریان منداڵن، تووشی بریندارییەک بوون کە پێویستییان بە چارەسەری ڕاهێنانەوەی درێژخایەن و پەلی دەستکرد و ئامێرە یارمەتیدەرەکان هەیە.
ئەم کەمییەی پێداویستییە پزیشکییانە لە کاتێکدایە کە هێرشی بەردەوام دەکرێتە سەر ژێرخانە پزیشکییەکان، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لەمساڵدا ٢٢ هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە غەززە تۆمار کردووە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان

