بەغدا – INA – ئامنە سەلامی

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، ئەمڕۆ هەینی، داخستنی زیاتر لە ١١ هەزار باڵەخانە و دامەزراوەی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند بەهۆی جێبەجێ نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی ٨٥٪ دابەزیوە.

نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و مەرجەکانی سەلامەتی بوون کە لە یاسای بەرگری شارستانی ژمارە (٤٤)ی ساڵی ٢٠١٣دا هاتوون، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێڕەوێکی توندی گرتووەتە بەر لە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییە خۆپارێزییەکاندا.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەو دامەزراوانەی داخران و ژمارەیان گەیشتە (١١٠٧٠) باڵەخانە، پێشتر تێبینی تەکنیکییان لەسەر تۆمارکرابوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو باڵەخانانەی داخستنەکە گرتوونیەتەوە، دوای چاککردنی بارودۆخی یاسایی و ئەندازیاری و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی و دڵنیایی، دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووەتەوە.

شاکر باسی لەوەش کرد کە یاسای بەرگری شارستانیی کارپێکراو دەسەڵاتی داخستنی ڕاستەوخۆ ناداتە لیژنەکانی بەرگری شارستانی، بەڵکو ئەم دەسەڵاتە بەستراوەتەوە بە پارێزگارەکانەوە، بەڵام دوای ئەو ئاگرەی لە 'هایپەرمارکێت'ی شاری کوت کەوتەوە، ڕێنماییەکی بەپەلە لە حکومەتەوە دەرچوو و گڵۆپی سەوزی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵکرد تاوەکو ڕێکاری داخستن بەرامبەر ئەو دامەزراوانە بگرێتە بەر کە سەرپێچیکارن.

وتیشی: بەڕێوەبەرایەتییەکە چەند ساڵێکە هەوڵی هەموارکردنی یاساکە دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی فراوانتری پێ بدرێت تاوەکو بتوانێت ڕاستەوخۆ باڵەخانە سەرپێچیکارەکان دابخات، لەبری ئەوەی تەنها پەنا بۆ غەرامەی دارایی ببات کە ئێستا لە نێوان ٢٥٠ هەزار دینار بۆ یەک ملیۆن دیناردایە و وەک پێویست نییە بۆ ڕێگریکردن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشنیازە یاسا نوێیەکە بەرزکردنەوەی سەقفی غەرامە داراییەکان بۆ ١٠ ملیۆن دینار لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی داخستنی باڵەخانەی سەرپێچیکار وەک ڕێکارێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان.

ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم ڕێکارانە بە ڕوونی ڕەنگیان داوەتەوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ساڵی ڕابردوودا کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی بە ڕێژەی ٧٤٪ تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕێژەکە بۆ ٨٥٪ دابەزیوە بە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشوو.

جەختیشی کردەوە کە ئەم ئەنجامانە سەرکەوتنی ستراتیژییە خۆپارێزییە گشتگیرەکەی بەرگری شارستانی دەسەلمێنن، کە هاوکار بووە لە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامتر بۆ هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە باڵەخانە و دامەزراوەکاندا