وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێویستە ناتۆ سوودی بۆ هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد چاوەڕێ دەکات لوتکەی ئێستای ناتۆدا ڕێگە خۆش بکات بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنکەرەی تورکیا، لە کۆتایی ئەمساڵدا.

مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی هەینی پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە شاری هێلسینگبۆرگ لە سوید ڕایگەیاند "وەک هەر هاوپەیمانییەک دەبێت باش بێت بۆ هەموو ئەوانەی بەشدارن. دەبێت تێگەیشتنێکی ڕوون هەبێت لەوەی چاوەڕوانییەکان چین."

ڕوبیۆ هەروەها ڕایگەیاند سیستمی وەرگرتنی پارە و سەرانە لە تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە قبوڵ ناکرێت.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا زۆر نائومێد بووە لە ئەندامانی ناتۆ کە ڕێگەیان بە ئەمەریکا نەداوە بنکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی بەکاربهێنن، بە تایبەتی باسی لە ئیسپانیا کرد.