بەدواداچوون - INA
جۆرجی جیزۆسی ڕاهێنەری پورتوگالی، ڕاستەوخۆ دوای بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعوودی بۆ تۆپی پێ، ڕۆشتنی لە یانەی نەسڕ ڕاگەیاند، ئەوەش دوای سەرکەوتنی یانەکە بەسەر "زەمەک" بە ئەنجامی ٤-١، ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڕی ٣٤ و کۆتایی خولەکەدا.
ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە وتی: دوا یاریی خۆم لەگەڵ نەسڕ ئەنجامدا و بۆ پشوویەکی دوو سێ یان چوار ڕۆژە دەچمەوە پورتوگال، ڕەنگە بیر لە ڕۆشتن بۆ بەڕازیل، بۆ شاری ڕیۆ بکەمەوە.
جیزۆس گەڕانەوەی بۆ پورتوگال و بەتایبەتی بۆ یانەی بەنفیکا بە دوور زانی و وتی ئەمە لە دەرەوەی پلانەکانە، پێش ئەوەی ئاماژە بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ تورکیا بکات و بڵێت: "لە پورتوگال و بەڕازیل و لەگەڵ هیلال (و بە سروشتیش لەگەڵ نەسڕ) بردوومەتەوە، تەنها یانە کە نازناوم تێدا بەدەست نەهێنابێت فێنەرباهچەیە، ڕەنگە چیرۆکێکم هەبێت لەوێ تەواوی بکەم.
وتیشی: من دەچمەوە پورتوگال، ئەویش دەچێتە ڕیزەکانی هەڵبژاردەکەی بۆ ئامادەکاری بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦، پێم وایە دەبێت لە مانگی حوزەیراندا بڕیار لەسەر چارەنووس و شوێنی داهاتووم بدەم و بژاردەی خۆم دیاری بکەم.
جیزۆس لە تەمموزی ٢٠٢٥دا ئەرکی مەشقی یانەی نەسڕی وەرگرت، دوای کۆتاییهێنان بە دووەم ئەزموونی لەگەڵ یانەی هیلال، کە لە وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ ڕاهێنەری بووە و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆی گەڕایەوە.
جیزۆس باسی لە کاریگەرییەکانی سەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هاونیشتمانی کرد، کە نەیتوانی پێش بە فرمێسکەکانی بگرێت دوای بردنەوەی یەکەم نازناوی گەورەی لەگەڵ نەسڕ و وتی: ئەو خولیایەکی زۆر گەورەی بۆ تۆپی پێ هەیە. پێم وت: 'من تەنها لەبەر تۆ ئەم پڕۆژەیەم قبوڵ کرد، ئەگەرنا نەدەهاتم. پێکەوە سەردەکەوین و بە نازناوەوە ئێرە جێدەهێڵیت'. ئەمەش ڕوویدا. تا ئێستا دەرفەتی زۆرمان بۆ قسەکردن نەبووە، ئەو ماندووە و منیش بە هەمان شێوە.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (AFP)
