بەغدا - INA
لەم دواییانەدا، لە لایەن خانەی "لەندەن" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە پایتەختی بەریتانیا، ڕۆمانێکی نوێی نووسەر و ڕۆماننووسی عێراقی "جەمال حەیدەر" بە ناونیشانی: (شايف البحر؟ - دەریات دیوە؟) بڵاوکرایەوە، کە ناونیشانەکەی لە گۆرانییەکی هونەرمەند "فەیروز"ەوە وەرگرتووە.
ئەم بەرهەمە تیشک دەخاتە سەر دیاردەی کۆچی نهێنی لە ڕێگەی "بەلەمەکانی مەرگ" لە وڵاتی تونسەوە، ئەوەش لە ڕێگەی کەسایەتیی (یووسف بن سالم)، دەرچووی کۆلێژی فەلسەفە کە لەسەر بەلەمی ماسیگریی باوکی کاری کردووە، تاوەکو سنوورە دەریاییەکان بەرەو ئیتاڵیا ببڕێت. لە سەرەتادا بەلەمەکە تووشی پەککەوتن دەبێت و پاشان تێکدەشکێت، بەمەش سەرنشینەکانی کە پێکهاتبوون لە تونسی، عەرەب، ئەفریقی و هەندێک ئاسیایی، لە ناو جەرگەی دەریادا ون دەبن. یووسف خۆی لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەبینێتەوە و لەوێشەوە بە وشکانی گەشتەکەی بەرەو برۆکسل درێژە پێدەدات، بەسەر بەربەستە سنوورییەکان و پاسەوانەکاندا سەردەکەوێت، تاوەکو دوای چەندین ئازار کە هاوشانی گەشتەکەی بوون، دەگاتە ئەو شوێنەی خۆشەویستە بەلجیکییەکەی لێ نیشتەجێیە.
گێڕەرەوە لەم ڕۆمانەدا گرەو لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکە ناکات، هێندەی ئەوەی لایەنگری ڕێڕەوی گەشتەکە و ڕەنگدانەوەی سێبەرەکانیەتی لەسەر ژیانی کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکە. لە شاری "سفاکس"ی کەناراوەوە، کە مەڵبەندی ئەو کەسانەیە خەونی کۆچیان لە ڕێگەی دەریاوە لە ناو بەلەمگەلێکدا هەڵگرتووە کە زۆرتر بۆ مەرگ کراوەن وەک لەوەی بۆ ژیان شیاو بن، لەوێوە چیرۆکەکانی گەشتەکە تێکەڵ دەبن و یەک دەبڕن تاوەکو دەگەنە وەهمێکی گەورە کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو مەترسییانەدا ناگونجێت کە لە تەواوی ئەزموونەکەدا بینراون.
یووسف لە برۆکسلدا هیچ شتێک نابینێتەوە کە سەرنجی ڕۆحە پڕ لە دڵەڕاوکێکەی ڕابکێشێت و هاوتای ئەو گەشتە بێت کە پڕ بوو لە مەترسی و مەرگی لێوە نزیک بوو، بۆیە لە کۆتاییدا لە قووڵایی پەشیمانیدا نوقم دەبێت. نووسەر هەندێک دیالۆگی بە زاراوەی تونسی بەکارهێناوە، لەبەر ئەوەی تونس گرنگترین شانۆی گێڕانەوەیە لە ڕۆمانەکەدا.
لەو بەشەی ڕۆمانەکە کە لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نووسراوە: کاتژمێرەکان تێپەڕین و ئێمە لە چاوەڕوانییەکی تاڵدا بووین، ئایا ڕزگارمان دەبێت و ژیانێکی نوێمان بۆ دەنووسرێت؟ ئایا ڕەحمەتی پەروەردگارمان بەسەردا دەبارێت تا ڕزگارمان بکات؟ ئایا کەسێک دێت، نازانم کێ، لە کوێ و چۆن، تا ڕزگارمان بکات؟ ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارانە بەردەوام ک کونێکی گەورەیان لە سەرمدا.. و لە دڵمدا هەڵدەکۆڵی.
کەواتە چارەسەر چییە.. کۆتاییەکە چۆن دەبێت و شێوەی کۆتایی خۆی چۆن دەردەخات؟ بڕیارمدا ڕووبەڕووی مەرگ ببمەوە لەبری ئەوەی چاوەڕێی بکەم، جانتاکەی پشتم کە ئاستەنگی بۆ دروست دەکردم داکەند، بۆ چەند چرکەیەک تەماشام کرد کە مەلەی دەکرد و پاشان خێرا نوقم بوو. شەپۆلەکان زۆر بەرزن، بەرەو سەرەوەم بەرز دەکەنەوە تا ئاسمان و چیا دوورەکان ببینم، پاشان دامدەگرن بۆ خوارەوە تا لە ناو تاریکیی ئاوەکەدا نوقم بم، هەوڵ دەدەم ئاوی سوێری دەریا نەنۆشم، نەوەک کێشم گران بێت و وەک خنکاوێک لە قووڵایی دەریادا جێگیر ببم، هەستم دەکرد مەرگ لێمەوە نزیکە، لە هەموو ساتێک، لە هەموو جوڵەیەک و لە هەموو هەناسەیەکدا دەستم لێ دەدات.
شایانی باسە، ئەم ڕۆماننووسە خاوەنی چەندین کتێبی تری جۆراوجۆرە لە بوارەکانی ڕەخنە، ئەدەب، کۆمەڵناسی، ڕۆمان، وەرگێڕان و ئەدەبی گەشتنامە. ڕۆمانەکە لە ٢٥٨ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە.
