نێودەوڵەتی – INA

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ئاڕاستەی ٩٤ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ڕێگرییان لە ٤ کەشتیی تر کردووە لە گەرووی هورمزدا.

سێنتکۆم لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیەدایە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە هاتوچۆی بازرگانی بۆ بەندەرەکانی ئێران و بەپێچەوانەشەوە.

سێنتکۆم ڕایگەیاند: "تاوەکو ٢١ی ئایار، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) ئاڕاستەی ٩٤ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ڕێگرییان لە ٤ کەشتیی تر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆیەدایە کە ئامانج لێی قەدەغەکردنی هاتوچۆی بازرگانییە بۆ ناو بەندەرەکانی ئێران و لەوێشەوە بۆ دەرەوە".

لەلایەکی هاوشێوەوە، هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣١ کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر و کۆنتێنەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەواندا لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون.