زیقار - INA - زەهرا سەباح
زانکۆی زیقار، فێستیڤاڵی (کەلەپوور لە زۆنگاوەکاندا - الأهوار)ی ساز کرد بە مەبەستی بەهێزکردنی کۆمەڵگە خۆجێییەکان لە ڕێگەی پیشە دەستییەکان و بەدیجیتاڵکردنی کەلەپوور، ئەمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کورسی یونسکۆدا.
یاسری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "فێستیڤاڵی (کەلەپوور لە زۆنگاوەکاندا) ئامانجی بەهێزکردنی کۆمەڵگە خۆجێییەکانە لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی پیشە دەستییەکان و بەدیجیتاڵکردنی کەلەپوور، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی کورسی یونسکۆ کە تایبەتە بە گۆڕانی کەشوهەوا و کەلەپووری زۆنگاوەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕۆڵی بنەڕەتیی زانکۆ لە بەدەستهێنانی کورسییەک لە ڕێکخراوی یونسکۆدا دەردەکەوێت، کە تەوەری سەرەکیی ئەم کورسییە بریتییە لە گۆڕانی کەشوهەوای کەلەپووری زۆنگاوەکان و پاراستنی"، ڕوونیشی کردەوە کە "زانکۆ چەندین چالاکی جۆراوجۆر بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی چەبایش بۆ گەشتوگوزار ڕێکدەخات، کە ئەم فێستیڤاڵە یەکێکیانە".
وتیشی: "فێستیڤاڵەکە دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی دانیشتووانی زۆنگاوەکان کە لە سایەی بارودۆخی سەختی کەشوهەوادا خۆڕاگرن، لەگەڵ برەودان بە بەرهەمە ناوخۆییەکانیان و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون، وێڕای پێشکەشکردنی هاوکاری پێیان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تەوەری دووەم تیشک دەخاتە سەر پاراستنی ئەو کەلەپوورەی لە زۆنگاوەکاندا هەیە، لە نەریت و میراتی شارستانی کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە".
ڕوونیشی کردەوە کە "زانکۆ کاری کردووە بۆ بەدیجیتاڵکردنی ئەم کەلەپوورە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی و تەکنیکی کۆمپیوتەر، ئەمەش بەشداربووە لە پاراستنی بەشێکی زۆری ئەو میراتە شارستانییەی کە لە زۆنگاوەکان و باشووری عێراقدا هەیە".
لەلایەکی خۆیەوە، ڕەعد ئەسعەدی، سەرۆکی ڕێکخراوی چەبایش بۆ گەشتوگوزاری ژینگەیی دووپاتی کردەوە کە "هاوکاریی زانستی نێوان زانکۆی زیقار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی میراتی شارستانی لە زۆنگاوەکاندا".
ئەسعەدی بە (INA)ی ڕاگەیاند: "ناوچەی زۆنگاوەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە، بۆیە ئەم جۆرە چالاکییانە بەشدارن لە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان دامەزراوە زانستییەکان و دانیشتووانی ناوچەکە، جیا لەوەی دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە توێژینەوەکان و کادرانی فێرکاری و هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی کەلەپوور".

