بەغدا - INA - وسام مەلا
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنی گشتگیر لە یاسای هاتووچۆدا، کە پێداچوونەوە بە غەرامەکانی هاتووچۆ و میکانیزمی سەپاندنیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، هەروەها هەموارکردنی تایبەت بە گرێبەستەکان و گواستنەوەی خاوەندارێتی لەخۆدەگرێت.
خەفاجی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: هەموارکردنی گشتگیر بۆ یاسای هاتووچۆ ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام دەدرێت، کە گۆڕانکاری لە بڕی غەرامەکان، هەڵوەشاندنەوەی دوو هێندەبوونی غەرامە، و میکانیزمی سەپاندنی غەرامە لە ڕێگەی کامێرا زیرەکەکان و چاودێری ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت، هەروەها پرسی ئەوەی ئایا غەرامەی ڕاستەوخۆی ئەفسەر وەک غەرامە ئەلیکترۆنییەکە دەبێت یان نا، لەگەڵ چەندین هەمواری تر.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵێک هەیە بۆ هەموارکردنی گرێبەستەکانی هاتووچۆ و ماوەی کارپێکردنیان، و دەکرێت ماوەکەیان بۆ دوو مانگ زیاد بکرێت، جگە لە هەوڵدان بۆ هەموارکردنی پرۆسەی ناچارکردنی کڕیار کە دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا دوای کڕین و فرۆشتن پرۆسەی تەحویل ئەنجام بدات، کە پێویستە لە یاساکەدا چارەسەر بکرێت. هەروەها هەندێک هەموارکردنی تریش هەن پەیوەست بە ساڵانەی ئۆتۆمبێل و نوێکردنەوە و ماوەی کارپێکردنی، تەنانەت سەبارەت بە جامڕەشکردن و ڕێگەدان پێی.
دەربارەی سڕینەوەی قەرزەکان، خەفاجی ڕوونیکردەوە کە غەرامەیەکی زۆر گەورە بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، بە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٦٢ ملیار دینار وەک غەرامەی هاتووچۆ لە گیرفانی هاووڵاتیان دابین کراوە،ئاماژەی بەوەش کرد کە سڕینەوەی غەرامەکانی هاتووچۆ لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی وەزیری داراییە و بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، چونکە بە قەرزێکی حکومی هەژمار دەکرێت


