بەغدا - INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، هاوکاریی هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرد، هاوکات بانگهێشتنامەیەکی جۆرجیا میلۆنی، هاوتا ئیتاڵییەکەی بۆ سەردانیکردنی ڕۆما پێگەیشت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد، کە پەیامێکی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکی حکومەتی ئیتاڵیای ڕادەست کرد؛ تێیدا پیرۆزبایی لە ئەلزەیدی کردبوو بە بۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەروەها بانگهێشتنامەیەکی بۆ سەردانیکردنی ئیتاڵیا لەخۆگرتبوو."
ئاماژەی بەوەش کرد لە دیدارەکەد پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری و پیشەسازی و زانستی و بوارەکانی دیکە تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بنیاتنانی هاوبەشی بنیاتنەر کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بکات.
نووسینگەکە ڕوونی کردەوە کە دیدارەکە تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکەی بەخۆوە بینی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مۆتەکەی جەنگ و ئاسەوارە مەترسیدارەکانی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان

