بەغدا - INA
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە دەستوور ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییلە ڕاگەیەندراویکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: "قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، پێشوازی لە ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێز، باڵیۆزی شانشینی ئیسپانیا لە بەغدا کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و ڕێگاکانی بەهێزکردنیان کرا بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەعرەجی جەختی کردەوە کە عێراق بەشێکی ڕەسەنی نیشتمانی عەرەبییە، و دەستووری عێراق ڕێگە نادات خاکی عێراق بۆ دەستدرێژی یان ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت، جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزی یەکتری.
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق پشتگیری لە هەموو ڕێڕەوەکانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دانوستان دەکات، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئابووری، تا گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام،جەختیشی کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێویستی بە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری نیشتمانی هەیە بۆ بونیادنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا.
هەروەها ئەعرەجی جەختی لە پێویستیی ئەوە کردەوە کە یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ببنە بنەما لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان وڵاتاندا، بەگوێرەی پرەنسیپی ڕێزی یەکتری.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیسپانیا جەختی لە پەرۆشی حکومەتی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، لە نێویشیاندا هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئاماژەی بە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا و ئیسپانیا کرد کە پاڵپشتی لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی دەکەن، هەروەها پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ڕاگرتنی تەقە لە ناوچەکەدا، تا گەیشتن بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و سەقامگیرییەکی گشتگیر

