بەغدا - واع - فاتیمە ڕەحمە
وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە گرنگیی چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی کردەوە.
فازڵ بەدرانی، بریکاری ڕۆشنبیری لە وەزارەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت کە جەخت لە پێکهێنانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی عێراقیی چەسپاو لە مێشکی مرۆڤی عێراقیدا دەکەنەوە، بە جۆرێک ئینتیمای نیشتمانی پێش ئینتیمای تائیفی دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، لە ڕێگەی ئاهەنگی ناوەندی خۆی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی فرەچەشنیی کلتووری، جگە لە بڵاوکراوەکانی هۆشیارکردنەوە و ڕێنمایی، کاری کردووە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی ئاشتیی عێراق و گەلەکەی تێکدەدەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر باوەڕبوون بە خودا و دڵسۆزی بۆ نیشتمان و خزمەتکردنی گەل.
وتیشی: ناسنامە لاوەکییەکان وەک باڵێکی پشتیوانن بۆ ناسنامەی عێراقی، ڕوونیشیکردەوە کە پەیامی وەزارەت لەسەر ئەنجامدانی چالاکیی جوانکاری و کلتوورییە کە ڕەسەنایەتیی ئینتیما بۆ عێراق بەهێز دەکەن و عەقڵییەتی توندڕەوی دوور دەخەنەوە، لەوانەش فێستیڤاڵی فرەچەشنیی کلتووری کە تێیدا فۆلکلۆری پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عێراق گوزارشتی لێکرا.
بەدرانی ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئاهەنگەکە ئامادەیی ڕەنگەکانی فرەچەشنیی عێراقی بەخۆوە بینی لە ڕێگەی نمایشە فۆلکلۆرییەکان و تابلۆکانی شێوەکاری و پۆستەرە نیشتمانییەکان، کە بەشدارن لە چەسپاندنی دڵسۆزیی نیشتمانی و بەهێزکردنی هەستی ئینتیما.
هەروەها وتی: پەیامی وەزارەت ئامانجی توانەوەی ئینتیما گرووپییەکانە لە ناو چوارچێوەی دڵسۆزیی نیشتمانی، بەگوێرەی هۆشیارییەکی دیراسەتکراو کە ڕێز لە تایبەتمەندیی عێراقییەکان دەگرێت لە ڕووی هەمەجۆریی کلتووری و ئایینی و نەتەوەیی.
جەختیشی لە پشت بەستن بە هۆشیارییەکی ڕەسەن بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئینتیمای دەروونی کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییانە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵانی خەڵکی عێراقیان لەگەڵدایە


