بەغداد - INA
سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لەسەر گرنگی گرتنەبەری سیاسەتی دارایی هاوسەنگ کردەوە کە بەشدار بێت لە پاراستنی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری.
سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە وەزیری دارایی فالح ساری کرد.
ئەوەشی خستەڕوو: لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە بەڕێز فالح ساری کرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەرکەکانی لە پۆستەکەیدا، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: کە لە دیدارەکەدا بارودۆخی دارایی و ئابووری وڵات تاوتوێ کرا، و سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی گرتنەبەری سیاسەتی دارایی هاوسەنگ کردەوە کە بەشدار بێت لە پاراستنی ئابووری نیشتمانی و دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری، بە شێوازێک کە خواستەکانی هاوڵاتیان لە باشکردنی ئاستی بژێوی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بەدیبهێنێت.
سەرۆک کۆمار، بەپێی بەیاننامەکە، ئاماژەی بەوە کرد: وەزارەتی دارایی ڕۆڵێکی تەوەری دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت و ڕێکخستنی سیاسەتی دارایی و باشکردنی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان، و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی وەزارەت کردەوە لە پەرەپێدانی سیستمە دارایی و کارگێڕییەکان.
بەیاننامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: وەزیری دارایی لە لایەن خۆیەوە گرنگترین پلانەکانی وەزارەت و بەرنامەکانی داهاتووی، و ئەو ڕێکارانەی گرتوونەتەبەر بۆ باشکردنی ئەدای دارایی و بەرزکردنەوەی داهاتەکان و پشتگیریکردنی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان خستە ڕوو.



