بەغداد – INA
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی حکومەت کردەوە بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق یان تێپەڕبوون بە ناو ئاسمانەکەیدا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی خوشک و وڵاتانی هەرێمی دۆست، و ڕایگەیاند: کە بە شێوازێکی توند و یەکلاکەرەوە لەم مەلەفەدا کار دەکات.
وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەباح نوعمان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆک وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد.
وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنی دۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کرا، کە تیایدا فەرماندەی گشتی جەختی لەسەر بەردەوامبوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و تواناکانی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان، و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە سەقامگیری ئەمنی.
هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: کۆبوونەوەکە سەرلەنوێ سەرکۆنەکردنی خۆی بۆ ئەو هێرشانەی دوایی دووپاتکردەوە کە کرابوونە سەر شانیشینی عەرەبستانی سعوودی و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، و جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی حکومەت کردەوە بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق یان تێپەڕبوون بە ناو ئاسمانەکەیدا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی خوشک و وڵاتانی هەرێمی دۆست، و ڕایگەیاند کە بە شێوازێکی توند و یەکلاکەرەوە لەم مەلەفەدا کار دەکات.
بەیاننامەکە باسی لەوەش کرد: کۆبوونەوەکە باسی لە بەردەوامی لێکۆڵینەوە تایبەتەکان بەو هێرشانە کردووە کە کرابوونە سەر شانیشینی عەرەبستانی سعوودی و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، بەو پێیەی لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتەوە، و فەرماندەی گشتی ڕێنماییداوە کە سەرجەم ڕێکارەکان بەرامبەر بەو کەسانە بگیرێتەبەر کە تێوەگلاون لە ئەگەری سەلواندنی بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ ئەو هێرشانە، و جەختی لە پەرۆشی عێراق بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی خوشک کردەوە لەم بوارەدا.
فەرماندەی گشتی – بەپێی بەیاننامەکە – جەختی لەوە کردەوە: حکومەت چاوپۆشی لە هیچ کەس یان گروپێک ناکات کە هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی وڵاتانی خوشک و وڵاتانی ناوچەکە بدات، و پابەندە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵات و پاراستنی سەروەرییەکەی.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پەرۆشی عێراق کردووەتەوە بۆ بنیاتنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، و هەروەها پەرۆشی حکومەتی نوێ بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەش لە سەقامگیری ناوچەکە و چەسپاندنی سەروەری یاسا، و پابەندبوون بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی کە لە وڵاتدا کار دەکەن، لەگەڵ هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، کە ئەمەش بە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کاری حکومەت دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.


