بەغداد – INA – ئەمنە سەلامی
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند: چوار ڕێگا هەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ناوچە هەڕەمەکییەکان، لە کاتێکدا ئاماژەی بە بوونی زیاتر لە ٤٦٧٩ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی لە سەرانسی عێراقدا کرد، جەختیشی کردەوە کە ژمارەی دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیانە دەگاتە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس.
وتەبێژی وەزارەتەکە عەبدولزەهرە هیندای، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئەو ڕووپێوییانەی کە وەزارەتی پلاندانان و سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە قۆناغەکانی پێشوودا ئەنجامیان داون، دەریانخستووە کە زیاتر لە ٤٦٧٩ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی لە سەرانسەری عێراقدا هەن"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ژمارەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگە هەڕەمەکییانە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس".
هیندای دەڵێت: "بەغداد گەورەترین پشکی بەڕێژەی زیاتر لە هەزار کۆمەڵگەی هەڕەمەکی بەرکەوتووە، لە دوای ئەویش بەسرە دێت، پاشان پارێزگاکانی دیکە ڕیزبەند دەبن".
سەبارەت بە دیدگای وەزارەتی پلاندانان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کۆمەڵگە هەڕەمەکییەکان، هیندای ڕوونیکردەوە: "چەندین ڕێگای جیاواز لەم بوارەدا هەن؛ سەرەتا بە گۆڕینی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و نیشتەجێبوون، دووەم بوونی بنکەیەکی زانیاریی ورد کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی سیاسەتی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی واقیعی، ڕێڕەوی سێیەمیش خۆی لە ڕێکخستنی ئەو ناوچە هەڕەمەکییانەدا دەبینێتەوە کە شیاوی چارەسەرکردنن لە ڕێگەی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ژێرخان، و چارەسەرکردنی زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و زەوییەکانی دەوڵەت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا".
هیندای بەردەوام بوو و وتی: "ڕێڕەوی چوارەم فراوانکردن لەخۆدەگرێت لە ڕێگەی دروستکردنی شارە نیشتەجێبوونە نوێیەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەنتەری شارەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "نوێکردنەوەیەک بۆ ماستەرپلانی شارەکان هەیە بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو فراوانبوونە گەورەیەی دانیشتوان کە لەو سەرژمێرییەدا دەرکەوتووە کە پێشتر ئەنجام درا".
لە کۆتاییدا هیندای وتی: "دەبێت یاسا و ڕێسای تایبەت ئامادە بکرێن کە خۆی لە ڕێکخستنی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی لە داهاتوودا ببینێتەوە".


