نەینەوا - INA - محەمەد حەداد
کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: پلانێکی بەبازاڕکردنیان هەیە بۆ دابینکردنی کۆگایەکی ستراتیژی بە مەبەستی گەرەنتییکردنی بەردەوامبوونی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک، هاوکات جەختیکردەوە کە هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتن یان دابەشکردندا نییە.
حوسێن خالیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی، لەما هاشم موسەوی، شاندێکی کۆمپانیاکە سەردانی کۆگاكانی کەلوپەلی خۆراکیان لە پارێزگای نەینەوا کردووە، بۆ ئاگاداربوون لە ئامادەیی کۆگاکان و بڕی عەمبارکراو و میکانیزمی دابەشکردنی ماددەکان بەسەر بریکارەکان و پاشان هاووڵاتیاندا."
وتیشی: "کۆمپانیاکە بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەری گشتی کاردەکات بۆ داپۆشینی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە باکوورەوە تا باشوور،" هاووڵاتیانیشی دڵنیاکردەوە کە "کۆگایەکی ستراتیژی لە کەلوپەلی خۆراک بەردەستە کە بەشی سێ مانگ دەکات."
دووپاتیشیکردەوە: "سەبەتەی خۆراک بەردەستە سەرەڕای ئەو بارودۆخ و ئاڵنگارییانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت، هیچ کەمییەک لە بڕگەکانی سەبەتەی خۆراکدا نییە، چ لە ڕووی کێش بێت یان بڕەوە،" ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆمپانیاکە پلانێکی بەبازاڕکردنی ئامادەکردووە بۆ دابینکردنی کۆگایەکی ستراتیژی کە بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستییەکان گەرەنتی دەکات."

